فەرهەنگە بەناوبانگەکانی جیهان وشەی ساڵی 2024 رادەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکی کەم لە ساڵی 2024 ماوە. ساڵانە چەندین فەرهەنگی جیهانی و بەناوبانگ، وشەی ساڵ هەڵدەبژێرن و رایدەگەیێنن. بەشێک لە فەرهەنگەکان وشەی رۆژ، هەفتە و مانگیان هەیە؛ بەڵام وشەی ساڵ زۆرترین ناوبانگ و دەنگدانەوەی هەیە.
فەرهەنگەکان پشت بەوە دەبەستن چ وشەیەک لەو ساڵەدا زۆر بەکارهاتووە، گەڕانی زۆری بۆکراوە یان کاریگەریی زۆری هەبووە.
نەریتی هەڵبژاردنی وشەی ساڵ لە زمانی ئەڵمانی لە 1971 سەریهەڵدا.
- فەرهەنگی ئۆکسفۆرد (Oxford)
ئۆکسفۆرد یەکێکە لە فەرهەنگە زۆر بەناوبانگەکانی جیهان و لە ساڵی 2004ـەوە وشەی ساڵ بڵاودەکاتەوە.
بۆ ساڵی 2024 ئۆکسفۆرد وشەی برەین رۆتی – Brain rotی هەڵبژارد. ئەگەر وشە بە وشە لێکدانەوەی مانای بۆ بکرێت بە مانای (بۆگەنبوونی مێشک) دێت؛ بەڵام وشەکە بەکارهێنانێکی نافەرمی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە و وەک ئاوەڵناوێک بە مانای ئەوە دێت؛ (کاتێک کەسێک زۆر لە دیار تەلەڤزیۆن یان مۆبایل دادەنیشێت و سەیریان دەکات، مێشکی لاواز دەبێت و وەک پێشتر بیر تیژ نابێت).
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنەکە، ئۆکسفۆرد رایگەیاند، وشەکە رەنگدانەوەی نیگەرانیی زۆرە لە کاریگەرییە خراپەکانی نێوەڕۆکی بێ کوالێتیی ئینتەرنێت.
گەڕان بۆ وشەکە لە وێبسایتی ئۆکسفۆرد بەراورد بە ساڵی 2023 گەیشتە 230٪.
ئۆکسفۆرد بەوە لە فەرهەنگەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، هەندێک جار وشەی سەیر یان هەندێکجار هیچ وشەیەک هەڵنابژێرێت.
لە ساڵی 2015 فەرهەنگەکە ئیمۆجیی (پێکەنین)ـی وەک وشەی ساڵی دیارکرد. لە ساڵی 2020ـیش هیچ وشەیەکی دیاریی نەکرد.
- فەرهەنگی کامبریج (Cambridge Dictionary)
فەرهەنگی کامبریج یەکێکە لە فەرهەنگە متمانەپێکراوەکانی جیهان، لە ساڵی 2015ـەوە وشەی ساڵ رادەگەیێنێت. بۆ ساڵی 2024 وشەی مانیفێست (Manifest)ـی وەک وشەی ساڵ هەڵبژارد.
مانیفێست سێ مانای هەیە؛ وەک هاوەڵناو بە مانای (شتێکی روون و ئاشکرا)؛ وەک کار بە مانای (پێشاندانی شتێک بە روونی لە رێگەی ئاماژە و کردارەوە) هەروەها وەک ناو بە مانای (پەڕاوێک دێت کە کەلوپەلی ئۆتۆمبێل، کەشتی یان فڕۆکەیەکی بارهەڵگری لەسەر بنووسرێت).
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، هۆکاری هەڵبژاردنی Manifest بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2024 لە لایەن کەسە بەناوبانگ و هونەرمەندەکان، بەتایبەت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر بەکارهات.
- فەرهەنگی کۆڵینز (Collins English Dictionary)
بۆ ساڵی 2024 کۆڵینز وشەی برات (Brat)ـی هەڵبژارد. وشەکە بە گشتی دوو مانای هەیە، (منداڵێکی لاسار) بە شێوەی نەرێنی، یان کاتێک لە خۆشەویستییان بە کەسێک دەگوترێت (هاروهاج) بەشێوەی ئەرێنی.
هۆکاری هەڵبژاردنی وشەکە بۆ ئەوە گەڕایەوە، شارلۆت ئێما ناسراو بە (Charlie XCX) کە گۆرانیبێژێکی بەریتانییە، ئەلبوومێکی بە ناوی Brat بڵاوکردەوە و سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا و وشەکە زۆر بەکارهات.
فەرهەنگی کۆڵینز لە 2013ـەوە وشەی ساڵ رادەگەیەنێت و لە ساڵی 1819ـەوە فەرهەنگ چاپ دەکات. کۆڵینز ساڵانە چەند وشەیەک بڵاودەکاتەوە و لە لایەن ستاف و نووسەر و زمانزانەکانی دەنگی لەسەر دەدرێت.
- پێگەی دیکشنری (Dictionary.com)
وێبسایتەکە لە ساڵی 2010ـوە وشەی ساڵ بڵاودەکاتەوە و بۆ ساڵی 2024 وشەی (دێمیور – Demure)ـی راگەیاند. دێمیور ئاوەڵناوە و بە مانای کەسێکی (دوورەپەرێز، شەرمن یان خاکی) دێت. لە زمانی یاساییشدا بەمانای تانەدان لە بڕیارێکی دادگە دێت.
هۆکاری هەڵبژاردنی وشەکە بەکارهێنانی بەربڵاوی بوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، بەتایبەت تیکتۆک. بۆ یەکەمجار جوولس لێبرۆن، کە تیکتۆکەرێکی بەناوبانگی ئەمریکییە، لە ڤیدیۆیەک ئەو وشەیەی بە مانای (دەرکەوتن یان هەڵسوکەوتێکی کەشخە) بەکارهێنا. پێگەی دیکشنری رایگەیاند، ئاستی گەڕان بۆ ئەو وشەیە گەیشتە 1200٪.
- فەرهەنگی مێرییەم وێبستەر (Merriam-Webster)
وێبستەر یەکێکە لە فەرهەنگە زۆر بەناوبانگەکانی جیهان، لە ساڵی 2003ـوە وشەی ساڵ رادەگەیەنێت. ساڵانە چەند وشەیەک بڵاودەکاتەوە و خەڵک لە سەرانسەری جیهان دەنگی بۆ دەدەن.
وشەی ساڵی 2024ـی فەرهەنگەکە (پۆڵەرایزەیشن – Polarization)ـە. وشەکە زیاتر لە زمانی سیاسیدا بەکاردێت و بە مانای (جەمسەربەندی یان دابەشبوونی چینایەتی) دێت. لە زمانی زانستیش لە فیزیا بە مانای (کۆبوونەوەی شەپۆلەکانی رووناکی بەیەک ئاراستە) دێت.
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی وشەکەش، فەرهەنگەکە رایگەیاند، وشەکە لە ماوەی بانگەشە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ـی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاردەهات.