رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئەڵمانیا متمانەی لە ئۆلاف شۆڵتز سەندەوە، ئەوەش رێگە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکاتەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 16-12-2024، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە 394 دەنگ دژ بە شۆڵتز لە بەرامبەر 207 دەنگ لە بەرژەوەندیی شۆڵتز و 116 ئامادە نەبوو، متمانەی لە راوێژکاری ئەو وڵاتە سەندەوە، بەمەش رۆژی 23ی مانگی شوباتی 2025 هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت.
بە سەندنەوەی متمانە، کۆتایی بە زیاتر لە یەک مانگ لە دۆخی ئیفلیجی حکومەتەکەی شۆڵتز دێت، کە لە هاوپەیمانێتیی سێ قۆڵی پارتی سۆشیال دیموکرات کە پارتەکەی شۆڵتزە، پارتی ئازادی دیموکراسی کە پارتێكی لیبراڵە بە سەرۆکایەتیی کریستیان لیندنەر و پارتی سەوزەکان پێکهاتووە.
هەرەسهێنانی حکومەتە هاوپەیمانییەکەی ئەڵمانیا لە دوای سەرهەڵدانی ناکۆکیی نێوان شۆڵتز و کریستیان لیندنەر هات، کە پۆستی وەزیری دارایی لە کابینەکەی شۆڵتزی پێدرابوو؛ شۆڵتز داوای زیادکردنی قەبارەی وەبەرهێنان و زیادکردنی بودجەی دەکرد بە تایبەتی سەربازی، داوایەک بوو پارتی لیبراڵ لە دژیدا وەستا. لە ئەنجامدا راوێژکاری ئەڵمانیا، لیندنەر، وەزیری دارایی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، بە دوورخستنەوەی، سەرجەم ئەندامانی پارتەکەشی لە پەرلەمان کشانەوە و هاوپەیمانێتییەکەی شۆڵتز هەرەسیهێنا.
لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵەوە شۆڵتز بە نیمچە ئیفلیجی لەگەڵ پارتی سەوز کە پایەی سێیەمی هاوپەیمانێتییەکەیە، حکومەتی بەڕێوەدەبرد، بەڵام پرۆژە و بڕیارەکانی رووبەڕووی بەربەستی زۆر لە نێو پەرلەمان دەبوونەوە.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە 1945ـەوە، جگە لەم هەنگاوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەڵمانیا، پێنج جاری دیکە متمانە لە راوێژکارانی ئەڵمانیا سەندراوەتەوە، دوایینیان 20 ساڵ لەمەوبەر بوو کاتێك کە گێرهارد شروودەر، راوێژکاری ئەڵمانیا بوو.
بەر لە دەنگدانەکەی ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر سەندنەوەی متمانە، شۆڵتز لە بەردەم پەرلەمان گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا جارێكی دیکە جەختی لە گرنگی زیادکردنی قەبارەی وەبەرهێنان کردەوە بە تایبەتی سەربازی، هەمان مژار هۆکاری ناکۆکیی سەرەکی نێوان پارتە هاوپەیمانەکانی نێو حکومەت بوو.
شۆڵتز گوتی، "ئێستا کاتیەتی بە شێوەیەکی گەورە وەبەرهێنان بکەین". شۆڵتز هۆشداری دا لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ئەتۆمی و گوتی، "لەم کاتەدا وڵاتێكی بەهێزی ئەتۆمی کە تەنیا دوو کاژێر لە ئێمەوە دوورە بانگەشەی شەڕی ئەتۆمی لە ئەورووپا دەکات، بۆیە پێویستە و دەبێت ئەڵمانیا وەبەرهێنانی چڕ و گەورە لە توانا بەرگری و ئەمنییەکانی بکات".
لە چوارچێوەی خستنەڕووی دەستکەوتەکانی، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "کاتێك کە بوومە راوێژکار دۆخی بەرگری و سەربازیی ئەڵمانیا خراپ بوو، پاشان لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، سندوقی تایبەت بە بەرگریی ئەڵمانیا بە بڕی 100 ملیار یۆرۆ (105 ملیار دۆلار)م دامەزراند و گوژمێكی گەورەی بە توانا سەربازییەکانی وڵاتی بەخشی".
هەروەها شۆڵتز داوای چاکسازی دەستووریی کرد کە قەرزی حکومەت بە لە 0.35٪ی بەرهەمی ناوخۆی وڵات دیاری دەکات و داوای زیادکردنی ئەو رێژەیەی کرد و گوتی، "زیادکردنی وەبەرهێنان پرسیارە سەرەکییەکەیە کە خۆشگوزەرانی، ئاسایش و بەرگری، پەروەردە و بوارەکانی دیکەی وڵاتیان پێوە بەستراونەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ