بەشار ئەسەد: هەمیشە رەتمکردووەتەوە لە بەرامبەر مانەوەی خۆم سووریا بەدەستەوە بدەم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راگەیێندراوێک بەناوی بەشار ئەسەدەوە بڵاوکرایەوە، ئەمەش هەشت رۆژ لەدوای رووخانی حکومەتەکەی. بەشار ئەسەد گوتوویەتی، ئەو بۆ سەرپەرشتیکردنی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" چووەتە لازقییە و لەوێ بەهۆی "هێرشە درۆنییەکان" لە ژێر رێنمایی رووسیا، ناچار بووە سووریا بەرەو مۆسکۆ بەجێبهێڵێت.
 
رۆژی دووشەممە، 16-12-2024، کەناڵی سەرۆکایەتیی سووریا لە تەلەگرام، یەکەم راگەیێندراوی بەناوی بەشار ئەسەد، سەرۆکی رووخێنراوی سووریا بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێنراوەکە لەسەر زاری هاتووە، پلانی ئەوە بووە "لە شەڕکردنی تیرۆر" بەردەوام بێت. بەشار ئەسەد لەسەر دۆخی ئێستای سووریا رایگەیاندووە: "ئێستا سووریا کەوتووەتە دەستی تیرۆرەوە." 
 
لەو پەیامەیدا، بەشار ئەسەد دەشڵێت: "هەمیشە رەتمکردووەتەوە لە بەرامبەر مانەوەی خۆم سووریا بەدەستەوە بدەم."
 
ئەسەد گوتی: "من هەرگیز بەدوای قازانجی کەسییەوە نەبووم، هەمیشە خۆم وەک پارێزەری پڕۆژەی نیشتمان بینیوە، کە لەلایەن متمانەی گەلی سووریاوە پاڵپشتی دەکرا کە باوەڕیان بەو دیدە هەبوو."
 
رۆژی یەکشەممە 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانیان گەیشتنە شاری دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی پەنجا ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا و بەشار ئەسەد بەرەو مۆسکۆ رایکرد.
 
لەبارەی هەڵاتنی لە سووریا بەرەو رووسیا، ئەسەد گوتوویەتی: "لە دیمەشق بووم و خەریکی راپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆم بووم. بەیانیی زووی رۆژی 08-12-2024 گەیشتمە بنکەی ئاسمانیی حمێمیم لە [لە پارێزگەی لازقییەی] سووریا، رۆیشتنی من لە سووریا نە پلانی بۆ دانرابوو، نە لە ساتەکانی کۆتایی جەنگدا بوو. دوای چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەکە، مۆسکۆ داوایکرد زوو لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، حمێمیم جێبهێڵم. من نەمدەویست دەستبەرداری سەرۆکایەتی بم یان داوای مافی پەنابەرێتی بکەم، هیچ پێشنیازێکی لەوجۆرەش لەلایەن من یان هیچ لایەنێکەوە نەکرا."
 
ئەسەد هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەو بۆ ئەوە چووەتە لازقییە، تاوەکو "سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" بکات، بەڵام بینیویەتی "سەربازەکان شوێنەکانی خۆیان چۆڵکردووە."
 
لە راگەیێندراوەکە هەروەها هاتووە: "من هەمیشە باوەڕم بە خواستی گەلی سووریا، توانای پاراستنی دەوڵەت و بەرگری لە دەستوورم هەبوو. من هەمیشە هاوشانی بژارەکانی گەلی سووریا وەستام. کاتێک دەوڵەت دەکەوێتە دەستی تیرۆر و ئیدی هیچ شتێک سوودی نامێنێت و هەموو هەڵوێستێک بێمانا دەبێت."
 
ئەسەد لە راگەیێندراوەکە هەروەها گوتوویەتی: "ئەمە هەستی قووڵی من لە پەیوەستبوون و ئاوێتەبوون بە سووریا و خەڵکەکەی کەمناکاتەوە؛ ئەمە پەیوەندییەکە کە بەهیچ هەڵوێست و بارودۆخێک تێکناچێت. ئەمە پەیوەندییەکە پڕە لەو هیوایەی کە رۆژێک دێت، سووریا دووبارە ئازاد و سەربەخۆ دەبێتەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە