ئیلۆن مەسک هەژماری ژمارەیەک رۆژنامەڤان سڕدەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک هەژماری تویتەری بەشێک لەو رۆژنامەڤانانە سڕدەکات کە بۆ پێگە دیارە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن. یەکێتیی ئەوروپاش هۆشداریی سەپاندنی سزا دەداتە ملیاردێرە ئەمریکییەکە. 
 
رۆژی هەینی، 16ـی کانوونی یەکەمی 2022، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا گوتی: "نابێت ئازادیی رۆژنامەگەری بە ویستی تاکەکەسی دابگیرسێندرێت و بکوژێندرێتەوە". گوتیشی کە ئەوان وەکو ئەڵمانیا کێشەیان "لەگەڵ تویتەر هەیە". 
 
هاوکات، یەکێتیی ئەوروپا هۆشداریدایە مەسک بەوەی کە دەکرێت لەژێر یاسایەکی داهاتووی میدیادا، تویتەر بکەوێتە بەر سزای یەکێتییەکە. 
 
ڤێرا یۆرۆڤا، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تویتێکدا گوتی: "هەواڵەکان لەبارەی سڕکردنی رۆژنامەڤانان لە تویتەر نیگەرانکەرن. یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەوروپا داوای رێزگرتن لە ئازادیی میدیا و مافە بنچینەییەکان دەکەن." 
 
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هۆشداریشیدا لەوەی کە "ئیلۆن مەسک دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت هێڵی سوور هەن و لە ماوەیەکی نزیکدا سزاش هەن". 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی یەکەم، تویتەر هەژماری ژمارەیەک لەو رۆژنامەڤانانە هەڵپەسارد کە پێشتر رەخنەیان لە تویتەر و ئیلۆن مەسک گرتووە. 
 
هەژماری رۆژنامەڤانانی هەریەکە لە سی ئێن ئێن، نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست لەنێو ئەوانە دان سڕکرابوون. 
 
لەوبارەیەوە سی ئێن ئێن لە تویتێکدا گوتی، "راگرتنی هەڕەمەکی و بێپاساوی تویتەری ژمارەیەک رۆژنامەڤان نیگەرانکەرە، بەڵام مایەی سەرسوڕمان نییە". گوتیشی کە داوای لە تویتەر کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەوبارەوە بدات. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە وەڵامێکیان لە تویتەر دەوێت سەبارەت بە سڕکردنی هەژماری رۆژنامەڤانێکیان.   
 
لەو کاتەوەی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا ئیلۆن مەسک تویتەری کڕی، پێگە ئەلیکترۆنییەکە چەند جارێک رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە لەبارەی شێوازی مامەڵەی خاوەنە نوێیەکەی لەگەڵ هەژماری بەکارهێنەران و ئەو کەسانەی رەخنە لە تویتەر و خودی مەسکیش دەگرن.