لە فەرەنسا بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

لانیکەم 10 کەس بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی شاری لیۆنی رۆژهەڵاتی فەرەنسا گیانیان لەدەستدا.
 
رۆژی هەینی 16ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەرپرسانی شاری لیۆنی رۆژهەڵاتی فەرەنسا رایانگەیاند، ئاگر لە باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمیی ئەو شارە کەوتووەتەوە؛ بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە کە پێنجیان منداڵن.
 
بەرپرسان دەڵێن، تاوەکو ئێستا هۆکاری پشت ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە. هاوکات ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئاگرکەوتنەوەکە کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی بەکاتی نێوخۆ [کاژێر 5:00ـی بەیانیی بەکاتی هەولێر] روویداوە و وەکو خۆیان دەڵێن، ئاگرەکە سەرەتا لە نهۆمی یەکەم کەوتووەتەوە و دواتر بەرەو نهۆمەکانی دیکە تەشەنەی کردووە. 
 
جێڕاڵد دێرمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا گوتی کە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە قسەی کردووە و بەڵێنی دا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. گوتیشی کە تەمەنی بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە سێ ساڵ دەبێت.
 
جگە لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی بەرپرسە خۆجێیەکان، 14 کەسی دیکە بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
 
هاوکات، بەرپرسانی شارەکە دەڵێن، 170 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 65 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە راسپاردووە و دوو کارمەند لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا بە سووکی برینداربوون.