لە بولگاریا گرانی نرخی گاز و کارەبا بەکارهێنانی داری بۆ خۆگەرمکردنەوە زیادکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

لە چیای ستارا پلانیانا لە نزیک شاری تێتیڤن لە باکووری بولگاریا بە ئەسپ دار بۆ نێو گوند و شارەکان دەگواسترێتەوە. 
 
گرانی نرخی گاز و کارەبا لە بولگاریا ژمارەی ئەو خێزانانەی زیادکردووە کە بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنا بۆ بڕینەوەی داری چیاکان دەبەن. 
 
دۆچۆ دۆچێڤ، سەرپەرشتیاری دارستانەکانی تێتیڤن دەڵێت: "10 ئەسپ دەتوانن سێ مەتر سێجا دار بگوازنەوە. بەپێی ئەو مەودایەی کە دەیبڕن پێشنیاز دەکرێت لە یەک رۆژدا زیاتر لە دوو جار ئەو گەشتەیان پێنەکرێت." 
 
حکومەتی بولگاریا مۆڵەتی داوە هەموو ساڵێک لە نێوان 18 هەزار بۆ 19 هەزار داری ئەو دارستانانە بەکاربهێندرێت. 80٪ی ئەو دارانەی دەبڕدرێنەوە بە مەبەستی خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێنرێت. دوای ئەوەی دارەکان دەبردرێنە ناو شارەکان، کۆمپانیاکان دابەشی دەکەن و هەر مەترێک سێجای بە 45 یۆرۆ دەفرۆشن.
 
بلاگۆڤێستا دۆگناژیسکا، خانەنشینێکی بولگارییە و دەڵێت، "ساڵانە نزیکەی 5 مەتر سێجا دارم پێویستە بۆ خۆگەرمکردنەوە، بەڵام ئەمساڵ نرخی دار بە رێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە."
 
بولگاریا ژمارەی دانیشتووانی 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسە، بە هەژارترین وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دادەنرێت. ساڵی رابردوو لە ناوچەی تێتیڤن تەنیا 2 هەزار خێزان بۆ خۆگەمکردنەوە داریان بەکاردەهێنا، بەڵام ئەمساڵ 4 هەزار و 800 خێزان دار بەکاردەهێنن.