بەشێکی کۆمارییەکان لە کابینەکەی ترەمپ ناڕازین
رووداو دیجیتاڵ
دیاریکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی کابینەکەی ترەمپ، ناڕەزایەتی بەشێكی کۆمارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، گاباردی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی بەربژێرکردووە، هەروەها روبیۆ بڕیارە ببێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
ترەمپ چەندین کەسایەتیی دیکەی بۆ پۆستە جیاجیاکانی نێو کابینەکەی بەربژێر کردووە و، لیستەکەی هێشتا درێژەی هەیە، لەنێویاندا مات گەیتس وەک داواکاری گشتی دیاریکراوە.
ئێریک تەکەر، شرۆڤەکار دەڵێ "مات گەیتس نەریتخوازێکی کۆمارییە، کە بەردەوام بەرگری لە دۆناڵد ترەمپ کردووە. دەستنیشانکردنی ئەو و چەند کەسێكی دیکە، ناڕەزایەتیی بەشێكی کۆمارییەکانی لێکەوتووەتەوە."
پیت هەگسیسیش کە ترەمپ بۆ پۆستی وەزیری بەرگری بەربژێری کردووە، بەشێك لە کۆمارییەکان تێبینییان لەسەری هەیە.
لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس، هەندێ ناڕەزایەتی خرانەڕوو. تیم بەرچێت، ئەندامی کۆنگرێس کە کۆمارییە دەڵێ "ئێستا شتێک هاتووەتە پێشەوە کە دیارە دەستنیشانکردنەکان بەکەسی کراون، وەک گەیتس و هەگسیس و چەند کەسێكی دیکە. راستییەکەی ئێمە رێکار و یاسامان هەن؛ دەبێت پابەندیان بین."
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، هەرچی بەربژێری پۆستە حکومییەکانن لە وەزیر، دادوەر، باڵیۆز و پۆستە باڵاکانی دیکە، دەبێت بە فیلتەر و رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیراندا تێپەڕێندرێن، بەڵام هەر لەو دەستوورە، بڕگەیەک هەیە دەسەڵات دەداتە سەرۆک و سەرۆکی هەڵبژێردراو، کە لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، لە کاتی پشووی کۆتایی هەفتە، یان پشووی وەرزی، بەربژێرەکان دەستنیشان بکات و جێگیریش ببن.
بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا 139 جار ئەو دەسەڵاتەی بەکارهێنا. بووشی کوڕ، 43ـیەمین سەرۆکی ئەمریکا، 171 جار سوودی لەو دەسەڵاتە بینی، هەروەها باراک ئۆباما لە پشووی کۆنگرێسدا 32 کەسایەتی لە پۆستە جیاجیاکاندا جێگیرکرد.
لە ساڵی 2014 دادگەی باڵای ئەمریکا، چالاککردنی ئەو دەسەڵاتەی بە مەرجی لانیکەمی پشووی 10 رۆژەی کۆنگرێس دیاریکرد.
ئێستاش ترەمپ هەمان میکانیزم بەکاردەهێنێت، بەڵام هێشتا زووە بزانرێت رووبەڕووی ناڕەزایەتیی گەورە دەبێتەوە یاخود نا.