خانمە وەزیرێکی سوێد لە مۆز دەترسێت
رووداو دیجیتاڵ
لەوانەیە گوێت لە ترسان لە شتی جیاواز و سەیر بووبێت، بەڵام ترس لە مۆز لەوانەیە تائێستا جیاوازترین بێت. پۆوڵینا براندبێرگ، وەزیری یەکسانیی رەگەزی لە سوێد ئەو خانمە سیاسەتڤانەیە کە ترسی لە مۆز هەیە و دانیشی پێدا ناوە.
چۆن ئاشکرابوو؟
میدیای سوێدی چەند ئیمەیڵێکی دزەپێکراوی نووسینگەی ئەو وەزیرەیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ستافی وەزارەتەکە باسی ئەوەیان کردووە، پێش ئەوەی خانمە وەزیرەکە سەردانی فەرمیی بۆ هەر شوێنێک هەبێت، پێویستە مۆز لەو شوێنە نەبێت.
بۆ نموونە، لە یەکێک لە ئیمەیڵەکان کە تێیدا وەزیرە سوێدییەکە بۆ خوانێکی VIP بانگهێشت کرابوو، ستافی وەزارەتەکە داوایان لە رێستۆرانتەکە کردبوو مۆز دانەنێن. ستافی وەزارەتەکە نووسیبوویان، "وەزیر هەستیاریی بە مۆز هەیە."
میدیای سوێدی دەڵێت، لە ساڵی 2020 برادنبێرگ لە تویتەر (ئێکسی ئێستا) پۆستێکی کرد و نووسی، "نامۆترین فۆبیای جیهانم هەیە کە مۆزە،" بەڵام دواتر پۆستەکە لابرا.
تێرێزا کارڤالۆ، خانمە سیاسەتڤانێکی دیکەی سوێدە باسی لە هەمان کێشە کردووە و گوتوویەتی، لەو خاڵەدا لەگەڵ براندبێرگ هاودەردن.
هەرچەندە لە زانستی دەروونناسیدا فۆبیای مۆز (Bananaphobia) باس نەکراوە، بەڵام دەکرێت کەسانێک هەبن کە بە بینینی مۆز یان بۆنکردنی میوەکە ناڕەحەت بن.
میدیای سوێدی داوای لە پارتی لیبراڵی سوێد کردبوو، کە براندبێرگ تێیدا ئەندامە، لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدات. وەزیرەکە خۆی وەڵامی دابوونەوە و گوتبووی، "ئەمە جۆرێکی هەستیارییە کە هەمە، خەریکم چارەسەر وەردەگرم."
تێرێزا کارڤالۆ ئەندام پەرلەمانە و گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتە و دەڵێت، ئەویش هەمان کێشەی هەیە.
لە نامەیەکدا کە ئاراستەی براندبێرگی کردبوو، کارڤالۆ نووسی، "لەوانەیە چەندین گفتوگۆی زۆر تووند و سەختمان لەسەر کارکردنی رۆژانە کردبێت، بەڵام لەمە [ترسان لە مۆز] پێکەوەین و دژی هەمان دووژمن دەوەستینەوە."
چەند فۆبیایەکی سەیر و جیاواز
جگە لە ترس لە مۆز، لە جیهاندا چەند فۆبیایەکی دەروونی هەن کە زانست پشتڕاستی کردوونەتەوە، وەک ترس لە شوێنی بەرز، لە مار، لە شوێنی تەنگ، لە شوێنی تاریک و لە جاڵجاڵۆکە.
هەروەها، چەندین فۆبیای سەیر و جیاوازیش هەن کە خەڵک زۆرجار تەنانەت ناتوانن بیاندرکێنن لەوانەش:
- نۆمۆ فۆبیا، ترس لەوەی مۆبایلەکەت لا نەبێت.
- پۆگۆنۆ فۆبیا، ترس لە ریشی پیاوان.
- زانتۆ فۆبیا، ترس لە رەنگی زەرد.
- کۆرۆ فۆبیا، ترس لە سەماکردن.
- هیپۆپۆتۆ مۆنسترۆ سێسکی پێدالیۆ فۆبیا، ترس لە وشەی درێژ.
- تورۆ فۆبیا، ترس لە پەنیر.
- جینۆ فۆبیا، ترس لە چەناکەی خەڵک.
- لاچانۆ فۆبیا، ترس لە سەوزە.
- لینۆنۆ فۆبیا، ترس لە داو.
- ئۆمفالۆ فۆبیا، ترس لە ناوکی کەسێک.
- فۆبۆ فۆبیا، ترس لە ترس، یان ترسان لە هەبوونی فۆبیایەک.