ئیلۆن مەسک لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ناسراوی ئەمریکی کە بڕیارە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا پۆستێکی باڵا وەربگرێت، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە. دیپلۆماتە ئێرانییەکە دوو داوای لە مەسک کردووە.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئیلۆن مەسک لە نیویۆرک لەگەڵ ئەمیر سەعید ئیراڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکەش لە ماڵی ئیراڤانی بووە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، "ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر چۆنێتیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران."
 
رۆژنامە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە، مەسک خۆی داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە. دوو بەرپرسی ناونەهێندراوی ئێرانیش رایانگەیاند، کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاندووە.
 
رۆژی 05-11-2024 دۆناڵد ترەمپی کۆماری توانی لە کامالا هاریسی دیموکرات بباتەوە. دوای ماوەیەکی کورت لە دەستبەکاربوونی، ترەمپ ئیلۆن مەسکی وەک سەرۆکی فەرمانگەی نەهێشتنی بیرۆکراسی، کە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و بارسوککردنی بودجەی فیدراڵییە، دەستنیشانکرد.
 
دوو بەرپرسە ئێرانییەکە گوتیان، ئەو کۆبوونەوەیە وەک "چارەسەرێکی جێگرەوە" بووە بۆ ئێران، بۆئەوەی ئێران "خۆی بەدوور بگرێت لە دانیشتن و کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا."
 
بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئیراڤانی بە مەسکی گوتووە، پێویستە "کار بکات بۆئەوەی بەشێکی سزا سەپێندراوەکانی سەر ئێران لەلایەن وەزارەتی گەنجینەوە لاببرێن. هەروەها بۆ ئەوەی هەندێک لە کۆمپانیا و بیزنیزی خۆی بباتە تاران."
 
تاوەکو ئێستا نوێنەرایەتیی ئێران لە نیویۆرک و کۆشکی سپیش لەسەر ئەو بابەتە هیچیان نەدرکاندووە.
 
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی لە 2017 بۆ 2021، دۆناڵد ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە. ئەو رێککەوتنە لە ساڵی 2015 لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا کرا. دوای کشانەوە، ترەمپ سزای ئابووریی زۆری خستە سەر ئێران و رێگەی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرت لە ئێران وەبەرهێنان بکەن.
 
ترەمپ هەروەها لە ساڵی 2020 فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەرکرد.
 
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەروەها پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئیسرائیلە، کە لە 07-10-2023ـەوە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان لە جەنگدایە.