رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا خەریکی پێکهێنانی کابینەکەیەتی. بەربژێری وەزیری بەرگری بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە ساڵی 2017 پەلاماری سێکسیی ژنێکی داوە.
پیت هێگسەس، ئەو پیاوەی لەلایەن ترەمپەوە بۆ بەڕێوەبردنی پێنتاگۆن بۆ چوار ساڵی دیکە هەڵبژێردراوە، لە ساڵی 2017 لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە لەو ساڵەدا لە هۆتیلێک لە شاری مۆنتێری لە ویلایەتی کالیفۆرنیا "پەلاماری سێکسی ژنێکی داوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو راپۆرتی پۆلیس کە هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەو ژنە نەداوە، رووداوەکە لە شەوی 7-10-2017 یان بەرەبەیانی رۆژی 08-10-2017 لە هۆتێلی هایات رێجنسی لە شاری مۆنتێری روویداوە. ئەو کاتە (فیدراسیۆنی نیشتمانیی ژنانی کۆماری) کۆنگرەیەکیان لەو هۆتێلە هەبووە.
هێشتا فیدراسیۆنەکەی پارتی کۆماری و کارگێڕیی هۆتێلەکە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو رووداوە نەداوە.
تاوەکو ئێستا هیچ گوتە و بڕیارێکی دادگە لەو بارەیەوە نییە.
تیمۆسی پارلاتۆر، پارێزەری پیت هێگسەس دەڵیت، پۆلیس لێکۆڵینەوەی خۆی کردووە و "هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو تۆمەت و دەنگۆیە دەستنەکەوتووە. هیچ شتێکی دیکە نییە باسی لێوە بکرێت، ئەو شتە رووینەداوە."
هاوکات ستیڤن چێونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "هێگسەس بە تووندی ئەو دەنگۆیەی رەتکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ بە تاوانبارناساندنێک نییە [لەلایەن دادگەوە]."
ستیڤن راشیگەیاند، "چاومان لەوەیە هێگسەس بە فەرمی وەکو وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی هەر لە رۆژی یەکەمەوە دەست بەوە بکات کە ئەمریکا مەزن بکاتەوە."
پیت هێگسەسی تەمەن 44 ساڵ سێ جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، لە ساڵی 2009 لە هاوژینی یەکەمی جیابوویەوە و ئەوکات میدیای ئەمریکا رایگەیاند: "بەهۆی ناپاکییەوە بووە"؛ لە ساڵی 2017 هاوژینی دووەمی داوای جیابوونەوەی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی هێگسەس لەگەڵ کارمەندێکی کەناڵی فۆکس نیوز پەیوەندی دانا و منداڵێکیان بوو؛ دواتر هێگسەس جار ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەو کارمەندە پێکهێنا.
هێگسەس لە گاردی نیشتمانیی ئەمریکا ئەفسەر بووە و لە ئەفغانستان و عێراق خزمەتی کردووە، لە ساڵی 2014ـەوە لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی نزیک دەستبەکار بوو و پێشکێشکاری بەرنامەکانی (Fox and Friends Weekend) و (Fox Nation)ە.
هێگسەس هیچ ئەزموونێکی بەڕێوەبردنی تیم و رێکخراوی نەبووە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەو بۆ ئەو پۆستە زۆر کەسی لەنێو ئەمریکا و دەرەوە تووشی حەپەسان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ