رووداو دیجیتاڵ
چین چەکێکی نوێی نمایش کرد کە بە بەکارهێنانی کورتە شەپۆل، واتە مایکرۆوەیڤ، دەتوانێت لە دووریی سێ کیلۆمەترەوە درۆن بسووتێنێت. بە دروستکردنی ئەم چەکە، چین لە بواری سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا هەنگاوێکی گەورە پێش نەیار و رکابەرەکانی دەکەوێت.
چەکەکە لەلایەن دامەزراوەی (زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی)ی چین بەناوی FK-4000 دروستکراوە.
چەکەکە کورتە شەپۆل ئاراستەی درۆنەکان دەکات و دەیانخاتە خوارەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چەکە نوێیە ئەوەیە، هەموو ئەو درۆنە بچووکانەش دەدۆزێتەوە و تێکیان دەشکێنێت کە ناتوانرێت سیستمە بەرگرییە مووشەکییەکان دژیان بەکاربهێندرێن.
بەگوێرەی دامەزراوە دروستکەرەکە، ئەم چەکە دەتوانێت لە ماوەی یەک چرکەدا هەر درۆنێک لە ئاسماندا بسووتێنێت یان بیخاتە خوارەوە.
سیستمەکە دەتوانرێت بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیکی دیکە بگوازرێتەوە.
لەبری مووشەک، چەکەکە لە رێگەی لاکێشەیەکی کانزایی 8 مەترییەوە کورتە شەپۆلەکان بە چڕییەکی زۆرەوە ئاراستەی درۆنەکان دەکات.
چەکە نوێیەکە خێرایی و لێهاتوویی لە دۆزینەوە و بەرپەرچدانەوەی ئامانجەکان زیاترە بەراورد بە سیستمە کۆنباوەکانی دیکە. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەوەیە کە لە گۆڕەپانی جەنگدا بە ئاسانی نادۆزرێتەوە و نابینرێت، چونکە لە بری مووشەک یان تیشکی لێزەر، شەپۆل ئاراستە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ