رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین، لووتکەیەک لە شاری سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کۆی کردنەوە، هەردووکیان جەختیان لە نەهێشتنی گرژییەکانی نێوانیان کردەوە.
شەوی چوارشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2023، شی جین پینگ بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لیمۆزین گەیشتە شوێنی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی و بە تەوقەیەکی گەرم کۆبوونەوەکەیان دەستپێکرد.
دواتر هەردوو سەرکردەی دوو زلهێزترین ئابووریی جیهان پرسەکانی وەک چارەنووسی تایوان، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر چین و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی هاوئاهەنگییە ئابوورییەکانیان تاوتوێکرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، بایدن رایگەیاند، "ناکرێت ئەو گرژییانە ببنە ناکۆکی". سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، "ئێمە زۆر لەمێژە یەکدی دەناسین و هەمیشەش لەسەر پرسەکان کۆک نەبووین، کە ئەمەش شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە، بەڵام کۆبوونەوەکانمان هەمیشە راشکاو و راستەوخۆ و گونجاو بوون. بۆیە گرنگە کە من و تۆ بەڕوونی لەیەکدی بگەین وەکو سەرکردە بۆ سەرکردە، بەڵام بێ هەڵە لێکدانەوە و تێگەیشتن".
هەروەها بایدن رایگەیاند، پرسەکانی جیهانی لەنێویان، گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ژیری دەستکرد و جەنگی غەززە تاوتوێ دەکەن.
لە وەڵامدا، سەرۆکی چین رایگەیاند، "ناکۆکی و رووبەڕووبوونەوە، دەرئەنجامێکی دەبێت کە هیچ کاممان ناتوانین بەرگەی بگرین".
لە درێژەی قسەکانیدا، شی جین پینگ گوتی، "دوو وڵاتی گەورەی وەکو چین و ئەمریکا، نابێت پشت لەیەکدی بکەن. گۆی زەوی ئەوەندە گەورەیە کە جێی هەردوو وڵاتەکە ببێتەوە و سەرکەوتوو بن".
لە تشیرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بایدن و شی لە پەراوێزی جی 20 لە ئیندۆنیزیا کۆبوونەوە. دواتر پەیوەندییەکان ئاڵۆزیی بەخۆوە بینی دوای ئەوەی لە شوباتی ئەمساڵ، سوپای ئەمریکا، باڵۆنێکی سیخوڕی چینی لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستە خوارەوە.
لووتکەکەی سانفرانسیسکۆ، لە پەراوێزی کۆنفرانسی هاوئاهەنگی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن، ناسراو بە ئەیپێک بە بەشداری 21 وڵات بەڕێوەچوو.
بێجگە لە پرسی پەیوەندییەکانی هەردوولا، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی لووتکەدا، جەنگی ئۆکرایناش باس بکرێت کە واشنتن و پەکین دوو سیاسەتی پێچەوانەی یەکتریان لەو شەڕەدا پەیڕەو کردووە، ئەمریکا پاڵپشتیکاری سەرەکی ئۆکراینا بووە و چینیش بە هاوپەیمانی سەرەکی رووسیا دەبیندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ