پۆڵەندا سوپاکەی دەخاتە ئامادەباشییەوە

16-11-2022
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا لایەنی بەرپرسە لەو مووشەکانەی لە سنووری پۆڵەندا کەوتنە خوارەوە. حکومەتی پۆڵەنداش چەند یەکەیەکی سوپاکەی خستووەتە ئامادە باشییەوە. سەرۆکی ئەمریکاش قسەی لەسەر رووداوەکە کرد و دەڵێت، لەوە ناچێت مووشەکەکان لە رووسیاوە تەقێندرابن.
 
رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2022، سەرکردەکانی گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆنن لەبارەی ئەو مووشەکانەی لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا نزیک لە سنووری ئۆکراینا کەوتنە خوارەوە و دوو کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، کۆبوونەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوو کە تێیدا لووتکەی گرووپی 20 بەڕێوەدەچێت.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "پێم وا نییە هێرشەکە لە رووسیاوە ئەنجامدرابێت، چونکە ئاراستەی مووشەکەکان ئەوە پێشان نادەن." بایدن بەڵێنیشیدا بەدواداچوونی تەواو بۆ رووداوەکە بکات. فەرەنساش لەو بارەیەوە گوتی، "پێویستە لێکۆڵینەوەی چڕی دەستبەجێ دەستپێبکات تاوەکو بکەرانی هێرشەکە بدۆزنەوە."
 
پۆیتر مولەر، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا گوتی: فەرماندراوە کە ئامادەباشیی سەربازی بکەین و چەند یەکەیەکی سەربازی لە هێزی خێرا ئامادە بکەین.
 
هەندێک دەنگۆ لە مۆسکۆوە بڵاو کرانەوە کە گوایە هێرشەکە لە ئۆکرایناوە کراوە و ئامانج لێی تاوانبارکردنی رووسیایە، بەڵام ئۆکراینا دەستبەجێ وەڵامی دەنگۆکانی دایەوە و رایگەیاند کە ئۆکراینا کاری لەو جۆرە ناکات.
 
ئەندرزێ دودا، سەرۆکی پۆڵەندا لەو بارەیەوە گوتی: بە مووشەک لە رۆژهەڵاتی پۆڵەندا هێرشکرایەسەرمان کە نزیک لە سنووری ئۆکراینایە و دوو کەس بەوهۆیەوە مردن. گوتیشی، "بە ئەگەری زۆرەوە" هێرشەکە لەلایەن رووسیاوە کراوە و باری بەپەلەی بۆ ئامادەکردنی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند.
 
کۆبوونەوەکە وەکو ئەمریکا پێی گوت "کۆبوونەوەی بەپەلە" ئەنجامدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
 
بایدن پەیوەندی بە یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی هاوپه‌یمانیی باكووری ئه‌تڵه‌سی - ناتۆ کرد و هۆشداری لە مەترسییەکانی هێرشەکەدا. 
چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا دڵتەنگی خۆی بۆ رووداوەکە دەربڕی و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بەڵێنیدا تاوەکو دۆزینەوەی هێرشکارەکە لەسەرهێڵ بمێنێتەوە و بەڵێنی هەموو هاوکارییەکی دا.
 
دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رەتی کردەوە کە وڵاتەکە هێرشی کردبێتە سەر پۆڵەندا؛ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش رایگەیاند، هێرشەکان لەلایەن رووسیاوە کراون. 
 
هێرشە مووشەکییەکە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2022، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری لڤیڤی ئۆکراینا لە نزیک سنووری پۆڵەندا، بە گوتەی زیلینسکی، ئەو هێرشە بووە هۆی بڕینی کارەبای 10 ملیۆن کەس لە وڵاتەکە، چونکە دوو وێستگەی کارەبای کوژاندووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.