WFP: کۆرۆنا هەڕەشەی هەژاری لە شەش ملیۆن دانیشتووی ئەفغانستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یەڵدا حەکیمی لەناو خێزانێکدا لەدایکبووە کە لە رۆژێکدا بە زەحمەت ژەمێک خواردنیان دەستدەکەوێت. باوکی بەهۆی کۆرۆناوە کارەکەی لەدەستداوە، ئەوکاتەی یەڵدا لەدایکبوو، تەنانەت پارەی تەکسیشی پێنەبوو ژنە دووگیانەکەی پێ بباتە نەخۆشخانە. ئەوان ئێستا لە کابووڵی پایتەختی ئەفغانستاندا لە کەمپێکی ئاوارەکاندا دەژین.
 
حەکیمی حەوت منداڵی هەیە، دوو منداڵی نەناردووەتە قوتابخانە، چونکە پارەی نەبووە جلوبەرگیان بۆ بکڕێت.
 
پێش هاتنی کۆرۆنا، حەکیمی مانگانە 130 دۆلاری ئەمریکیی کۆدەکردەوە، بەڵام ئێستا بە زەحمەت دەتوانێت نانێک بۆ خێزانەکەی پەیدا بکات و لە داهاتووی یەڵدا و خوشک و براکانی نیگەرانە.
 
زەمەرای حەکیمی، دانیشتووی کابووڵە، دەڵێت "ئەمە یەڵدایە، کچە ساواکەمە. داهاتووی لە مەترسیدایە، چونکە هیچ کارێک نییە بۆ من لە ئەفغانستان بیکەم. هەمیشە شەڕە و ئێستاش کۆرۆنای هاتووەتە سەر. من زۆر نیگەرانم، هەندێجار بۆ چەندین رۆژ کارم دەستناکەوێت. زۆربەی کات بێ کار لە ماڵەوە دادەنیشم".
 
رێکخراوە مرۆییەکان پێشبینی دەکەن لەم زستانەدا رێژەی هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئەفغانستان بەرزببێتەوە. بانکی جیهانی مەزەندە دەکات رێژەکە لە 54.5% بەرزببێتەوە بۆ 72%.
 
رێکخراوی خۆراکی جیهانیش دەڵێت، بەشی ئەوە پارەی نییە خۆراک دابین بکات بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیە.
 
پارڤاسی راماسوامی، جێگری بەڕێوەبەری WFP لە ئەفغانستان دەڵێت "هەموو ساڵێک، تەنانەت پێش هاتنی کۆرۆناش، لە ماوەی زستاندا، خراپبوونی گوزەران روودەدات و خەڵک پێویستیان بە خۆراک دەبێت. بۆیە پێموایە ئەمجارە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەرزی زستانەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە خۆراک دەبێت زیاد دەبێت".
 
خاوەن فرۆشگەکانی کابووڵیش دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک ژمارەی کڕیارەکانیانی کەمکردووەتەوە. 
 
شێخ ئەفزەل خاوەن فرۆشگەیە و دەڵێت "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، کار نەماوە. کەس توانای کڕینی شتی نییە. پێشتر هەندێ لە کڕیارەکانمان بایی 130 دۆلار خۆراکیان دەکڕی، ئێستا بۆ ٤٠ دۆلار کەمبووەتەوە، نرخی خۆراکیش هەروەکو ئەوکاتە ماوەتەوە کە کۆرۆنا لە لووتکەدا بوو".
 
ئێستا، حەکیمی و زۆری دیکەی وەکو ئەو کە لە نەداریدا دەژین، لەنێو قەرەباڵخیی مەیدانی کرێکارانی کابووڵدا چاوەڕێدەکەن بۆئەوەی کەسێک بێت و کارێکیان پێبدات، ئەویش لە بەرامبەر دوو دۆلار و نیو بۆ رۆژێک، بەڵام زۆربەیان بە دەستی بەتاڵەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە.