ئەرمینییەکان رێککەوتنی قەرەباخ لەگەڵ ئازەربایجان بە خۆبەدەستەوەدان دەزانن

رووداو دیجیتاڵ

لە ئازەربایجان شاییە و لە ئەرمینیاش شین. جەنگ بە سەرکەوتنی ئازەربایجان و شکستی ئەرمینیا لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کۆتاییهات، بەڵام هێشتا گەڕاندنەوەی تەرمی سەربازەکانی ئەرمینیا بەردەوامە.
 
لەم ڤیدیۆیەدا رێورەسمی ناشتنی سەربازێکی ئەرمەنیی تەمەن 28 ساڵانە لە شاری ستێپانا-کێرتی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەبینن، کە دوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی جەنگ دۆزراوەتەوە و رادەستی ماڵباتەکەی کراوەتەوە.
  
میخائیل ئاکۆپیان، مامی سەربازە کوژراوەکە دەڵێت: "دوێنێ تەرمەکەیمان بۆ گەڕێندراوەتەوە. پێشتر پێمانوابوو ون بووە. ئێستا ئەومان دۆزیوەتەوەو بە خاکی دەسپێرین."
 
لە جەنگە شەش هەفتەییەکەدا، دوو هەزار و 317 سەربازی ئەرمەنی کوژران. ئێستا تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ و ئەرمینیا لە پرسەدان. 
 
واباوە و دەگوترێت دوای هەموو جەنگێک ئاشتییە، بەڵام کۆتاییهاتنی جەنگ بۆ ئەرمینییەکان ئەو واتایە ناگەیێنێت. میخائیل ئاکۆپیان، مامی سەربازە کوژراوەکەی ئەرمینیا دەڵێت "ئەم رێککەوتنەی لەگەڵ ئازەربایجاندا واژۆکراوە، یەکسان نییە. بۆ ئێمە بە واتای خۆبەدەستەوەدان دێت."
 
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، ئەرمینیا چەند ناوچەیەکی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ رادەستی ئازەربایجان دەکاتەوە. ئەرمەنییەکانیش هەوڵدەدەن تەرمی سەربازە کوژراوەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن و لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی نوێیان بە خاکیان بسپێرن.