لێکۆڵینەوە لە نووسینەکانی ئەشکەوتی خرووبەی لیبیا دەکرێت

رووداو - هەولێر

ئەشکەوتی خرووبە لە ناوچەی بەرگە لە لیبیا جارێکی دیکە دەبێتە جێگای گرنگیپێدانی حکومەتی ئەو وڵاتە، تیمێکی لێکۆڵینەوە دوای 30 ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ ئەشکەوتەکە بۆ ئەوەی چەند زانیارییەکیان دەربارەی نووسینی سەر دیوارەکانی نێو ئەشکەوتەکە دەستبکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کەلوپەل و کامێرای پیشکەوتوویان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.

ئەشکەوتی خرووبە دەکەوێتە دۆڵی سەخرە بە دووری سێ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچکەی سووسە، کە شوێنێکی مێژووییە لە ناوچەی بەرقە لە رۆژهەڵاتی لیبیا.

شارەزایێکی زانستی شوێنەوار و  زمانە دێرینەکان سەرپەرشتی تیمێک دەکات و سەردانی ئەشکەوتەکەیان کردووە بۆ ئەوەی لەو نووسینانە بکۆڵنەوە کە لەسەر دیواری ئەشکەتەکە نووسراون.

ئەو کەسەی سەرپەرشتی تیمەکە دەکات، ئەندامی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی مۆزەخانەکانی سەر بە رێکخراوی یونسکۆیە و لە ساڵی 1948 لە شارۆچکەی سووسە لەدایکبووە.

حکومەتی یۆنان بە هەوڵەکانی ئەو مامۆستایەی زانکۆی زانیوە و لە ساڵی 2013 لەلایەن کارۆلۆس بابولیاس، سەرۆکی پیشووی یۆنان مەدالیای فینیکسی زێڕینی پێبەخشراوە.

لیبیا وڵاتێکی مێژووییە و بەردەوام ژیانی تێدا بووە، بەو هۆیەش چەند ناوچەیەکی شوێنەواری دێرینی لێیە، لەنێو ئەو شوێنانەدا پێنج ناوچە لە لیستی شوێنەواری جیهانی تۆمارکراون، بەڵام لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕش لە ساڵی 2011 کارەکانی گەڕان و پشکنین لەو شوێنانە ئەستەم بووە.