تۆڕێکی قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر کە زۆربەیان کوردن لە بەریتانیا سزا دەدرێن

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگای شاهانەی شاری سوانسیی هەرێمی وێڵزی بەریتانیا سزای بەندکردنی بۆ تۆڕێکی قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەر دەرکرد کە زۆربەی ئەندامانی کوردن. تۆڕەکە بایی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەریان لە شارۆچکەی ئەبێریستویس بڵاوکردووەتەوە.
 
تاوانبارەکان لە دادگەدا دانیان بەوەدا ناوە، شوشتنگەی ئۆتۆمبێل و سەرتاشخانەیان کردووەتەوە بۆئەوەی لەوێ ماددەی هۆشبەر بفرۆشن، تاوەکو ئاشکرا نەبن.
 
هەموو ئەندامانی تۆڕەکە لە دادگە دانیان بە فرۆشتنی ماددەی هۆشبەردا ناوە، یان تاوانەکەیان بەسەردا ساخکراوەتەوە.
 
ئەوەی زۆرترین سزای وەرگرتووە، ناوی توانا ئەحمەدە، تەمەنی 33 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی سمێسویکی ناوچەی وێست میدلاندزە، کە 12 ساڵ بەندکردنی بۆ بڕێندراوەتەوە.
 
سەرکردەکانی تۆڕەکە لە دادگە ئاماژەیان بەوە کردووە، لە سەرانسەری بەریتانیاوە خەڵکیان ناردووەتە ئەبێریستویس، بۆئەوەی لەوێ کۆکایین و حەشیش بکڕن و بفرۆشن.
 
لە دادگە روونبووەتەوە، توانا ئەحمەد لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە هێشتا دەستگیر نەکراون، سەرۆکایەتیی تۆڕەکەیان کردووە.
 
ئیان رایت، یەکێکە لە داواکارانی شاری ئەبێریستویس، دەڵێت، گرووپە قاچاخچییەکە بە شێوەیەکی "ئاڵۆز و رێکخراو" کاریان کردووە.
 
ئەندامانی تۆڕەکە لە کاتی جیاجیادا لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیر کرابوون. هەروەها لەگەڵ ئەوەدا، دەست بەسەر بڕێک پارەی کاش و چەند جۆرە چەکێکدا گیرابوو، لەوانەش چەقۆ، تەور و تفەنگی راو.
 
بارزان سەرحانی تەمەن 31 ساڵ و ئەحمەد پیرۆی تەمەن 26 ساڵ، کە شوێنی نیشتەجێبوونیان جێگیر نییە، لە دادگە دانیان بە تاوانەکانیاندا نەنا، بەڵام دادگە بەسەریدا ساخیکردنەوە و هەریەکەیان چوار ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکرا.
 
کاروان کەریم کە دانیشتووی شاری سوانسییە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بەڵام هیچ لە سزاکەی کەم نەکرایەوە و چوار ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
 
وەلید یونس عەبدالی تەمەن 34 ساڵی دانیشتووی دۆنکاستەر، دابان خەلیلی 23 ساڵانی بێرمینگهام و کاسترۆ عومەری 30 ساڵانی دانیشتووی نۆرسهامپتن، هەموویان دانیان بە تاوانەکانیان دانا و سزای سێ ساڵ بۆ هەر یەکەیان بڕێنرایەوە. 
 
محەممەد حەمەشەریفی تەمەن 27 ساڵ کە شوێنی نیشتەجێبوونی جێگیر نییە، هەروەها سامان عەزیزی تەمەن 41 ساڵی خەڵکی لیڤەرپوول، دانیان بە تاوانەکانیان دانا و هەریەکەیان سێ ساڵ دەخرێنە زیندانەوە. 
 
لوقمان جەرجیسی تەمەن 21 ساڵی دانیشتووی بێرمینگهام دانی بە تاوانەکەی داناوە و چوار ساڵ و سێ مانگ بەندکردنی بۆ دەرکراوە. 
هەروەها عادل موستەفای تەمەن 39 ساڵی دانیشتووی نیوپۆرت، بە سێ ساڵ و چوار مانگ سزادراوە. 
 
ئەکاشا سمیسی تەمەن 24 ساڵی دانیشتووی ئەبێریستویس دانی بە تاوانەکەی داناوە و سزای دوو ساڵ و نیوی بۆ دەرکراوە. 
 
چارلۆت رۆبەرتسی تەمەن 21 ساڵ کە دانیشتووی شرۆپشایرە، دانی بە تاوانەکەی داناوە و و 18 مانگ سزای بەندکردنی بۆ دەرکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەر لە ئاوە سنوورییەکانی تونس لەکاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا. وێنە: Juhed Abidellaoui/Reuters

بڕیارى هەڵگرتنى ڤیزە تونس دەکاتە رێگەى کۆچ؛ 47 کۆچبەرى کورد و عێراقی گیریان خواردووە

هەڵگرتنى ڤیزەى گەشتیاریى عێراق لەلایەن تونسەوە، ئەو وڵاتەى کردووەتە رێگەیەکى دیکە بۆ کۆچبەرانى هەرێمی کوردستان و عێراق. زیاتر لە 47 کۆچبەر، کە زۆرینەیان کوردن، لەو وڵاتە دەستگیر کراون و دادگایی دەکرێن، جگە لە بەزاندنى سنوور بۆ کۆچکردن، تۆمەتى قاچاخچێتى و سپیکردنەوەى پارەیان دراوەتە پاڵ