ئەو کەسەی هەوڵی کوشتنی ترەمپی دا پێشتر دەنگی پێدابوو؛ کوڕی تۆمەتبارەکە چی دەڵێت؟

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێف بی ئای دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە فلۆریدا لەکاتی یاریی گۆڵف دا، رووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەتەوە. بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، کەسێکی تەمەن 58 ساڵ بەناوی راین وێزڵی رۆس بە تۆمەتی ئەو هەوڵە دەستگیر کراوە.
 
ئۆران رۆس، کوڕی تۆمەتبارەکەیە، بە میدیای ئەمریکای گوتووە، باوکی پشتیوانێکی سەرسەختی ئۆکراینا بووە و پێشتر چووەتە ئۆکراینا بۆئەوەی وەکو خۆبەخشێک دژی هێزەکانی رووسیا شەڕ بکات.
 
کوڕی تۆمەتبارەکە دەڵێت، دوای دەستگیرکردنی باوکی، نەیتوانیوە قسەی لەگەڵدا بکات، بۆیە نازانێت چی بووەتە هاندەر تاوەکو هەوڵی کوشتنی ترەمپ بدات.
 
بەڵام دەشڵێت، باوکی بە بینینی دیمەنی شەڕکردن و کوژرانی سەربازانی ئۆکراینی زۆر کاریگەر بووە.
 
ترەمپ لە دوایین دیبەیتدا لە بەرامبەر کامالا هاریس رەتیکردەوە وەڵام بداتەوە کە ئایا دەیەوێت ئۆکراینا لە جەنگدا دژی رووسیا سەربکەوێت یان نا.
 
ئۆران لەبارەی ترەمپەوە دەڵێت، "ئەم کابرایە لەپشت مێزە نەفرەتییەکەیەوە دادەنیشێت و یەک شت ناکات."
 
پۆستەکانی پێشووی رایان رۆس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پێشانی دەدەن کە ئۆکراینا بۆ تۆمەتبارەکە گرنگ بووە.
 
لە دوو لەو پۆستانەی لە ئابی 2023 کردوونی، تۆمەتبارەکە باس لەوە دەکات، ویستوویەتی ژمارەیەک چادر لە پارکێکی شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بۆ چەکدارە بیانییەکان دابنێت، بۆئەوەی خەڵکی دەرەوەی ئۆکراینا هانبدرێن زیاتر پشتیوانیی ئەو وڵاتە بکەن.
 
لە پۆستێکی دیکەدا باس لەوە دەکات، گوایە زیلینسکی داوای لە کۆنگرێس کردووە مۆڵەتی پشوو بە هەموو سەربازانی ئەمریکا بدات، بۆئەوەی وەکو کەسانی سڤیل بچنە ئۆکراینا و لەوێ شەڕ بکەن.
 
رایان رۆس لە پۆستێکی دیکەی کانوونی یەکەمدا نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخی هایتی دەردەبڕێت کە تووشی نائارامی و تووندوتیژی بووە.
 
ترەمپ لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ هاریس بابەتی ئۆکراینا و هایتی ورووژاند.
 
لەبارەی ئۆکرایناوە، ترەمپ گوتی، دەیەوێت شەڕ بوەستێت، بەڵام خۆی لە دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەرکەوتنی ئەو وڵاتە بەسەر رووسیادا بەدوور گرت، زیاتری دروستکرد بەوەی ئەگەر ببێتەوە سەرۆک، ئەوا رەنگە پشتیوانیی سەربازیی ئەمریکا بۆ کیێڤ بوەستێنێت. 
 
ئۆران، واتە کوڕی تۆمەتبارەکە، بە میدیای ئەمریکیی گوتووە، رایان "باوکێکی میهرەبان و خەمخۆر و پیاوێکی دڵسۆز و کۆڵنەدەر" بووە. 
 
ئۆران هیوای خواستووە، ئەوەی لە فلۆریدا روویداوە هەڵەتێگەیشتن بووبێت، چونکە پێیوایە باوکی "هیچ شتێکی شێتانەی لەو جۆرە ناکات" و بەو رادەیە توندوتیژ نییە. 
 
رایان رۆس لایەنگری پارتی دیموکراتە و پێشتر لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور دەنگی داوە؛ بەڵام پۆستەکانی پێشووی لە تۆڕی X پێشانیدەدەن لە ساڵی 2016 دەنگی بە ترەمپ داوە.
 
دوایین پۆستیشی لەبارەی هەوڵی کوشتنی ترەمپەوە بووە کاتێک لە 13ی تەممووز لە پێنسیلڤانیا لە لایەن کەسێکەوە تەقەی لێ کرا. لە پۆستەکەدا باس لەوە دەکات کە پێویستە هاریس و جۆ بایدن سەردانی ئەو دوو کەسە بکەن کە لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەی ترەمپدا برینداربوون و بەشداری لە پرسەی یەکێکی دیکەدا بکەن کە هەر لەوێ لە لایەن تەقەکەرەکەوە کوژرا. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، رایان رۆس رۆژی یەکشەممە لوولەی تفەنگەکەی دانابووە سەر پەرژینێک بە ئاراستەی یانەی گۆڵفی "ترەمپ ئینتەرناشناڵ" لە شاری وێست پام بیچ لە فلۆریدا.
 
لەو کاتەدا، ترەمپ خەریکی یاری گۆڵف بوو. ئەندامێکی فەرمانگەی کاروباری نهێنی، یاخود ئەو هێزەی بەرپرسە لە پاراستنی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، تفەنگەکەی بینیبوو و تەقەی کردبوو، تۆمەتبارەکە هەڵهاتبوو و دواتر لە ناوچەیەکی نزیک لەو شوێنە،  لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا دەستگیرکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا

مامۆستایەکی زانکۆ لە کەنەدا: پڕۆگرامی خوێندن بەگوێرەی شارەکان و ناوچەکانمان دەگۆڕێت

پڕۆفیسۆر و مامۆستایەکی زانکۆ لە کەنەدا لەبارەی سیستمی خوێندن لە کەنەدا دەڵێت، "لێرەدا لە هەر شارەو بەگوێرەی ژینگەی خۆی پڕۆگرامی خوێندن دادەڕێژرێت."