رووداو دیجیتاڵ
لە ئەمڕۆوە حکومەتی ئەڵمانیا سنوورەکانی لەگەڵ پێنج وڵات بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی تووندتر دەکات. بەرپرسانی بەشێک لەو وڵاتانە و یەکێتیی ئەورووپاش ئەوە بە مەترسی، بەتایبەت بۆ سەر ناوچەی شینگن، دەبینن؛ بەشێکیشیان دەستخۆشیی لێدەکەن.
29 وڵات ئەندامی ناوچەی شینگنن، کە سنوورەکانی نێوانیان هەڵگرتووە، جووڵەی خەڵک و بازرگانی بە ئاسانی لە نێوانیاندا دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە 15ی ئەیلوولی 2024 لەبارەی ئەم هەنگاوەی وڵاتەکەیەوە نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەم هەنگاوە ئەڵمانیا دەیەوێت "ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی کەم بکاتەوە، قاچاخچییانی کۆچبەر بوەستێنێت، تاوانباران دەستگیر بکات و کەسانی ئیسلامیی تووندڕۆ بدۆزێتەوە."
بەرپرسانی ئەڵمانیا ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەیان وەکو تاکە رێگە بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران دەبینن. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەداخەوە، ناتوانین تەواو متمانە بە دراوسێکانمان بکەین بەوەی ئەو کارەی لە ئەستۆیانە بیکەن."
دەشڵێت، "لە هاوئاهەنگی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. دەمانەوێت دڵنیایی بدەین کە ئەم رێکارانە کەمترین کاریگەرییان لەسەر ئەو کەسانە هەبێت کە لەسەر سنوورەکان دەژین، گەشتیاران، جووڵەی بازرگانی و ئابووری هەبێت."
بەرلین سنوورەکانی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا، لوکسمبۆرگ، هۆڵەندا، بەلجیکا و دانیمارک تووندتر دەکات. پێشتریش لە تشرینی یەکەمی 2023وە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی سویسرا، نەمسا، چیک و پۆڵەندا هەمان هەنگاوی نابوو.
بەگوێرەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەو رێکارانەی لە تشرینی یەکەمی 2023وە جێبەجێیان کردوون، بوونەتە هۆی گێڕانەوەی 30 هەزار کۆچبەری نایاسایی. هەروەها، ئەمەش داوای مافی پەنابەریی 20% کەمکردووەتەوە.
بڕیارەکەی ئەڵمانیا و ناڕەزایەتی وڵاتانی دراوسێ:
رۆژی هەینی، راوێژکاری ئەڵمانیا پەیوەندیی بە دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە کرد و پێی راگەیاند، "ئەم هەنگاوەی وڵاتەکەی دژی بنەما یاساییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ناوچەی شینگن نییە." بەڵام دواتر تەسک لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەوڵەی ئەڵمانیای بە "قبووڵنەکراو" دانا و داوای راوێژی پێویستی کرد لەنێوان ئەو وڵاتانەی کاریگەر دەبن بە بڕیارەکە.
حکومەتی نەمساش رایگەیاندووە، ئامادە نین ئەو کۆچبەرانە وەربگرنەوە کە لەلایەن ئەڵمانیاوە دەگەڕێندرێنەوە. گێرهارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا دەڵێت، "ئەم جۆرە کارە قبووڵنەکراوە."
وەکو رەخنەیەکیش لە هەنگاوەکەی بەرلین، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان گوتی، ناکرێت کێشەی کۆچبەران بە "هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنانە"ی رێککەوتننامەی شینگن چارەسەر بکرێت.
بڕیارەکەی ئەڵمانیا بێ دەستخۆشیش نەبووە. ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کە بە کەسێکی دژەکۆچبەر ناسراوە پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەو وڵاتە کرد.
بەگوێرەی رێککەوتنی ناوچەی شینگن، لەکاتی بوونی مەترسی و پێویستدا هەر وڵاتێکی ناوچەی ئەندام دەتوانێت سنوورەکانی تووندتر بکات.
پەیوەندیی تووندکردنی سنوورەکان و هەڵبژاردنی هەرێمەکانی ئەڵمانیا:
حکومەتی ئەڵمانیا و پارتە پێکهێنەرەکانی لەژێر گوشارێکی قورسی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دان، کە پارتێکی راسترۆی دژەکۆچبەرە. ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی براندنبێرگ بکرێت.
بە گوێرەی دوایین راپرسی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەکە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 29%ی دەنگەکان، پارتی سۆشیال دیموکرات 26% و پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتیش 16%ی دەنگەکان دەبەنەوە.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پێشتریش و لە رۆژی 1ی ئەیلوولی ئەمساڵ توانی زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توینگن بەدەستبهێنێت. لەو هەڵبژاردنەدا پارتەکە 30.5%ی دەنگەکان، پارتی کریستیان دیموکرات 24.5%ی دەنگەکان، هاوپەیمانی سارا ڤاگنکنیشت 16%ی دەنگەکان و ئەوانەی دیکەش 29%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
ئەمە جاری یەکەم بوو لە دوای ساڵی 1945 و جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمێکی ئەڵمانیادا پارتێکی راستڕۆی تووندئاژۆ زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
هەمان رۆژ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا توانی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی ساکسنیش بێت. لەو هەڵبژاردنەدا پارتی کریستیان دیموکرات 31.5%، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 30%، هاوپەیمانیەتی سارا ڤاگنکنیشت 12%ی دەنگەکان و ئەوانی دیکەش 26.5%ی دەنگەکان دەبەنەوە.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو دوو هەرێمەی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە بڕیارە ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت. دوایین راپرسییەکانی ئەو وڵاتەش پێشانی دەدەن کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ