مامۆستایەکی زانکۆ لە کەنەدا: پڕۆگرامی خوێندن بەگوێرەی شارەکان و ناوچەکانمان دەگۆڕێت

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا
جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆفیسۆر و مامۆستایەکی زانکۆ لە کەنەدا لەبارەی سیستمی خوێندن لە کەنەدا دەڵێت، "لێرەدا لە هەر شارەو بەگوێرەی ژینگەی خۆی پڕۆگرامی خوێندن دادەڕێژرێت."
 
جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، دەربارەی شێواز و چۆنێتی سیستمی خوێندن لە کەنەدا گوتی، "خوێندن لە 6 بۆ 18 ساڵی بە ناچارییە، لە هەندێک پارێزگاشدا لە چوار ساڵییەوە کراوە بە ناچاری، وەکو ڤانکۆڤەر و چەند پارێزگایەکی دیکە."
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە کەنەدا گوتیشی، "سیستمێکی پارێزگا و هەرێمییە، کە دەوڵەتی فیدراڵ دەستێوەردان لە سیاسەتی پەروەردەدا ناکات."
 
جەعفەر شێخولئیسلامی دەڵێت، "لە کەنەدا پەرتووک نابینیت لە فێرگە و قوتابخانەکاندا کە لە حکومەتی ناوەندەوە هاتبێت، بەڵکو وەزارەتی پەروەردەی ناوەند تەنیا ئەوە دیاری دەکات، کە خوێندکارێک کاتێک پۆلی یەک تەواو دەکات، دەبێت چی فێر بێت؛ ئیدی ئەوە مامۆستاکان بەپێی ژینگەی شوێنەکە، بەپێی توانا و لێهاتوویی خوێندکارەکان پرۆگرامێک ئامادە دەکەن، چونکە ئامانجیان ئەوەیە تاکی سەرکەوتوو دروست بکەن."
 
هەروەها باسی لە ئامانجی خوێندن لە کەنەدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان دەیانەوێت خوێندکار حەز لە زانست و زانیاری بکات، بە خوێندکارەکە ناڵێن باسی مێژوو و کەسایەتییەکانی نێوی بکە، بەڵکو دەڵێن باسی خۆت بکە و گرنگی بە خوودی قوتابییەکە دەدرێت."
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی، "بە قوتابییە سەرەتاییەکان دەڵێن بڕۆ ماڵەوە لە چێشتخانەکە پۆلێنبەندیی ماددە و خۆراکەکانی ماڵەوەتان بکە بۆمان، ئەگەر قوتابییەکیش لە وانەیەک دەرنەچێت، سزای نادەن؛ بەڵکو لە هۆکاری کەوتنی دەکۆڵنەوە و چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە."
 
سەبارەت بە شێوازی تاقیکردنەوە لە کەنەدا، جەعفەر شێخولئیسلامی دەڵێت، "لە قوتابخانەکانی کەنەدا لەسەر نمرەی زۆر یان لە کۆتایی ساڵ تاقیکردنەوەی گەورە ناکرێت، بەڵکو هەر لە هەفتەکانی سەرەتاوە تاقیکردنەوەی بچووک بچووک دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ هەمووی کۆدەکرێتەوە، ئەوەش بۆئەوەی قوتابی نەترسێت لە تاقیکردنەوەکان."
 
هەروەها، "لە کەنەدا بەگوێرەی نمرەی پۆلی یانزە و دوانزە، قوتابی لە زانکۆکان وەردەگیرێن، بۆ نموونە قوتابییەکیش بیەوێت لە بەشی زیندەزانیی بخوێنێت؛ پەروەردە پێداچوونەوە بە نمرەی وانەی زیندەزانیی قوتابییەکە دەکات لە پۆلی یانزە و دوانزەدا، دەیانەوێت بزانن لەو بەشە سەرکەوتوو دەبێت یان نا."
 
جەعفەر شێخولئیسلامی ئاماژەی بەوەش دا، "هەر قوتابییەک دوای تەواوکردنی پۆلی دوانزە، دەتوانێت سێ زانکۆ هەڵبژێرێت، ئەگەر لە کۆتاییدا لە هەرسێکیان ناوی هاتەوە، ئەوکات بە دڵی خۆی یەکێکیان هەڵدەبژێرێت، هەر خوێندکارێکی زانکۆش دوای ساڵێک یان دوو ساڵ حەزی لە بەشەکەی خۆی نەبوو، دەتوانێت بەبێ رەزامەندیی حکومەت و پەروەردە، خۆی بەگوێرەی نمرەکەی بچێتە بەشێکی دیکە."
 
لە کەنەدا نزیکەی 10 بۆ 12 هەزار باخچەی ساوایانی حکومی و 4000 باخچەی تایبەت هەن. هەروەها، ئەو وڵاتە 14 بۆ 16 هەزار قوتابخانەی حکومی و 1000 بۆ 2000 قوتابخانەی تایبەتی لێیە. نرخی خوێندن لە قوتابخانە تایبەتەکان بۆ هەر ساڵێک لە نێوان 5000 بۆ 30 هەزار دۆلاری کەنەدییە، ئەمەش بەگوێرەی قوتابخانە و جوگرافیاکەی دەگۆڕێت.
 
ساڵی ئەکادیمی لە کەنەدا لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەست پێدەکات و لە کۆتایی حوزەیران کۆتایی دێت. هەفتانە پێنج رۆژ، لە دووشەممە بۆ هەینی وانە دەخوێنرێت. رۆژانە پێنج بۆ شەش وانە دەخوێنرێن و کاژێر 8:30 بۆ 9:00 قوتابخانە دەستپێدەکات و لە کاژێر 3:00 بۆ 4:00ـی دوای نیوەڕۆ تەواو دەبێت.
 
لە ساڵێکی ئەکادیمی سێ وەرزی خوێندن هەن؛ پاییز، زستان و بەهار. وەرزی پاییز لە ئەیلوول بۆ کانوونی یەکەم، وەرزی زستان لە کانوونی دووەم بۆ ئادار و وەرزی بەهاریش لە نیسان بۆ حوزەیرانە.
 
لە قوتابخانەکانی کەنەدا هەریەک لە وانەکانی زمانی ئینگلیزی، بیرکاری، زانستەکان و پەروەردەی مەدەنی وەک وانەی سەرەکی دەخوێنرێن. هەروەها، وانەکانی هونەر، پەروەردەی جەستەیی، میوزیک و زمانی فەرەنسی وەک وانەی زیادکراو دەخوێنرێن. کاتی هەر وانەیەک لە کەنەدا 45 خولەکە و ژمارەی قوتابییان لە پۆلێکدا لە نێوان 20 بۆ 30 قوتابییە.
 
قوتابییان رۆژانە ژەمی نیوەڕۆ لە قوتابخانەکانیان دەخۆن. ژەمەکان بە گشتی بریتین لە: لەفە، میوە، سەوزە، ماست، پەنیر، پاستا، گۆشتی مریشک، گۆشتی قەل، گۆشتی بەراز، پیتزا، زەڵاتە، سووپ، شیر، ئاوی میوە.
 
پشووی نانی نیوەڕۆ لە 45 بۆ 60 خولەکە و پشووی نێوان هەموو دوو وانەیەکیش لە نێوان 5 بۆ 15 خولەکە. لە ساڵێکی ئەکادیمیی کەنەدا نزیکەی هەشت بۆ 10 پشووی فەرمی هەن؛ لەوانەش کریسمس، سەری ساڵی نوێ، جەژنی هەستانەوە، جەژنی سوپاسگوزاری، رۆژی کەنەدا و چەند پشوویەکی ناوخۆیی.
لە سیستمی پەروەردەی کەنەدا سێ پشووی وەرزیی هەن: پشووی زستان و بەهار هەر یەکێکیان 7 بۆ 14 رۆژ دەخایەنێت. هەرچی پشووی هاوینە لە نێوان هەشت بۆ 10 هەفتەیە.
 
هەر مامۆستایەکی کەنەدی ساڵانە لە نێوان 60 هەزار بۆ 85 هەزار دۆلاری کەنەدی وەک مووچە وەردەگرێت، ئەمەش بە گوێرەی ئەزموون، بڕوانامە و شوێنی جوگرافییەوە دیاریدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەیەکی سنووریی ئەڵمانیا

ئەڵمانیا بۆ شەش مانگ سنوورەکانی لەگەڵ 5 وڵات دژی کۆچبەران تووندتر دەکات

لە ئەمڕۆوە حکومەتی ئەڵمانیا سنوورەکانی لەگەڵ پێنج وڵات بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی تووندتر دەکات. بەرپرسانی بەشێک لەو وڵاتانە و یەکێتیی ئەورووپاش ئەوە بە مەترسی، بەتایبەت بۆ سەر ناوچەی شینگن، دەبینن؛ بەشێکیشیان دەستخۆشیی لێدەکەن