ئەبوبەکر بەغدادی پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە


رووداو- هەولێر

دوای پێنج ساڵ لە یەکەم دەرکەوتنی لەساڵی 2014ـەوە، ئەبوبەکرد بەغدادی، خەلیفەی رێکخراوی داعش لە پەیامێکی دەنگی 30 خوولەکیدا داوا لە چەکدارانی داعش دەکات لەسەر شەڕکردن بەردەوام بن.


لە پەیامە دەنگییەکەدا، خەلیفەکەی رێکخراوی داعش داوا لە چەکدارانی رێکخراوەکەی دەکات "بەرگری بکەن و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەسەر شەڕکردن بەردەوامبن".

بەغدادی لە پەیامەکەدا باسی ئەنجامدانی هێرش لە هەشت وڵاتی جیاواز و 92 ئامانج دەکات. ناوی ئەو وڵاتانەش دەهێنێت هێشتا شانەکانی داعشی لێیە کە بەدەر لە عێراق و سووریا، لە هەریەکە لە ئەفغانستان، یەمەن، سۆماڵ، توونس و لیبیان.

هەر لە پەیامەکەدا، بەغدادی داوا لە ئەندام و لایەنگرانی رێکخراوە تووندئاژۆکەی دەکات "باش بن و وەک پێشەنگی ئیسلام کاربکەن و ئەنجامی کارەکانتان بۆ خوا بەجێبهێڵن".

بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە دەنگییە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە کە بەغدادی کەسێکی دیکەی بەناوی عەبدوڵڵا قەرداش بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانی داعش رێکخستووە.

ئەو هەنگاوەش بەو جۆرە خوێندنەوەی بۆ کرا کە باری تەندروستی بەغدادی بەرەو خراپبوون دەڕوات، ئەوەش دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ساڵی 2017 برینداربوو.

لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار لەدوای 2014ـەوە رێکخراوی داعش ڤیدیۆیەکی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی بڵاوکردەوە، کە ماوەکەی 18 خوولەک بوو. ئەبوبەکر بەغدادی لە ڤیدیۆکەدا رایگەیاندبوو "شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی شەڕی مان و نەمانە".

بەپێی گرتەڤیدیۆییەکە ئەبوبەکر بەغدادی کێشی لەشی زیادی کردبوو و ریشی سوور و سپی بوو، چەکێکی AK-47ـی لە تەنیشت خۆی دانابوو و قسەی بۆ ژمارەیەک کەس دەکرد کە رووخساریان داپۆشرابوو.

شارەزایانیش باوەڕیان وایە زوو زوو دەرکەوتنی بەغدادی نیشانەیە بۆ خراپی باری تەندروستی و دەیەوێت شوێنکەوتووانی کۆبکاتەوە پێشئەوەی کۆچی دوایی بکات.