هەزاران کەتەلۆنی دژی بڕیارەکەی مەدرید ناڕەزایەتییان دەربڕی

16-09-2017
بارزان محەممەد
 خرۆشانی خەڵکی کەتەلۆنیا بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی و سەرۆک شارەوانییەکان
خرۆشانی خەڵکی کەتەلۆنیا بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی و سەرۆک شارەوانییەکان
نیشانەکردن کەتەلۆنیا گشتپرسی
A+ A-

رووداو - بارسێلۆنا

هەزاران کەس لە کەتەلۆنیا دژی بڕیاری مەدرید رژانە شەقامەکان و دووپاتیانکردەوە لە یەکی ئۆکتۆبەردا دەنگ بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەدەن. حکومەتی ئیسپانیا  بڕیاری دادگاییکردنی بۆ 710 سەرۆک شارەوانی کەتەلۆنیا دەرکردووە کە پشتگیری لە گشتپرسی دەکەن، مەدرید دەڵێ ئەگەر نەچنە بەردەم دادگا رۆژی دواتر پۆلیس دەستگیریان دەکات.

دەنگی بەڵێی خەڵکی کەتەلۆنیا بارسێلۆنای پڕکردووە و هەزاران کەس دژی بڕیارەکەی حکومەتی ئیسپانیا لەبەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کەتەلۆنیا گردبوونەوە، ئەوان پشتگیری لە سەرۆک شارەوانییەکان دەکەن کە حکومەتی ئسیپانیا بڕیاری دادگاییکردنی بۆ دەرکردوون.

مارتی بێڵتران لە 2007 ەوە سەرۆکی شارەوانی ئەڵترانە لە هەرێمی کەتەلۆنیا، ئەو یەکێکە لەوانەی ناوی لەو لیستەدایە کە حکومەتی ئیسپانیا داوایکردووە دادگایی بکرێت.

مارتی بێڵتران بە رووداوی گوت: "ئەوەی ماریانۆ راخۆی سەرۆکی حکومەتی ئیسپانیا دەیڵێ لە دژی هەموو خەڵکی کەتەلۆنیایە، دژی هەموو مافەکانی خەڵکە و ئێمە دەمانەوێ بە ئازادی دەنگی خۆمان بدەین، ئەو کارەی ئێستا دژی ئێمە دەیکات، هەمان شتە کە فرانکۆی دیکتاتۆر ئەنجامی دەدا، ئەو شتانەی لە 78 ەوە لە دەستووردا هاتوون، هەتا ئێستاش ئێمە زەحمەتییەکانی دەبینین، دەبینین دیموکراسی لە قۆناخێکی زۆر ترسناکدایە، بۆیە ئێمە دەمانەوێ پشتگیری لە دیموکراسی بکەین".

کارلێس پودجمۆنت، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا لە گردبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و پشتگیری لە گشتپرسی کەتەلۆنیا کرد، بە سەرۆک شارەوانییەکانیشی گوت، ئەگەر بدرێنە دادگا، ئەوا گردبوونەوەیەکی هاوشێوەی ئەمە لەبەردەم دادگا دروست دەکەین.

جوان فابریگاس، سەرۆکی شارەوانی ئەلبێردا گوتی: "سەرەتاییترین مافی دیموکراتی ئەوەیە دەنگی خۆمان بدەین، ئێمە نازانین چ ناوێک لەو کارەی حکومەتی ئیسپانیا بنێین کە بەرامبەر ئێمە دەیکات".

حکومەتی ئیسپانیا بڕیاری دادگاییکردنی بۆ 710 سەرۆک شارەوانی کەتەلۆنیا دەرکردووە، بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە گشتپرسی دەکەن، هەرچەندە رۆژی دادگاییردنەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام لە بڕیارەکەدا هاتووە: ئەگەر نەچنە بەردەم دادگا، ئەوا رۆژی دواتر لەلایەن پۆلیس دەستگیردەکرێن.

دانیشتووێکی کەتەلۆنیا دەڵێت: "چەندین ساڵە کار بۆ ئەوە دکەین بگەینە ئەو دیموکرایسییەی ئەمڕۆ، ئەو کارەی ئێستا پۆلیسی ئیسپانی دەیکات لە کەتەلۆنیا، هەموو دیموکراسییەکە دەسڕێتەوە، من ئەمڕۆ لە گوندی سانخوگات هاتوومەتە بارسێلۆنا بۆئەوەی پشتگیری سەرۆک شارەوانییەکان بکەم".

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کەتەلۆنیا دەڵێت: "من لێرەم بۆ ئەوەی پشتگیری سەرۆکی شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا بکەم، بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان بە ئازادانە بدەین، چونکە ئەوە مافی هەموو مرۆڤێکی جیهانە نەک تەنیا کەتەلۆنیا".

هەرچەندە مەدرید و یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دژی گشتپرسی و سەربەخۆیی کەتەلۆنیان و نایانەوێ ئیستا دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ئەوروپا دروستبێت، بەڵام حکومەت و گەلەکەی بڕیاریانداوە و پەرلەمانیش یاسای بۆ گشتپرسی دەرکردووە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە