لە هۆڵەندا بێ ماڵێک 2,000 یۆرۆی بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە و لە ژیانی سەر شەقامەکان رزگاریبوو

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هۆڵەندا کەسێکی موسڵمانی بێ ماڵ جزدانێکی ونبوو دەدۆزێتەوە و بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە، خەڵکیش وەکو پاداشتێک بۆ دەستپاکییەکەی، هەڵمەتێكیان بۆ راگەیاندووە، 34 هەزار یۆرۆیان بۆ کۆکردووەتەوە.
 
هاجەر عەلی تەمەن 33 ساڵ لە خەوی سەر شەقامەکان رزگاری بووە و ئێستا دەتوانێت کرێی شوقەیەک بەو بڕە پارەیە بدات. هاجەر بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، لە هەر شوێنێکیش خەڵك بیبینن پارە یان شتێکی دەدەنێ.
 
هاجەر لە ئەمستردام لەنێو شەمەندەفەر جزدانێک دەدۆزێتەوە، بڕی 2000 یۆرۆی تێدایە، هاجەر جزدانەکە رادەستی پۆلیس دەکاتەوە، پۆلیسیش لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بانگەواز بۆ خاوەنی جزدانەکە دەکات و دواتر خاوەنەکەی پەیدا دەبێت.
 
لەبەرامبەر ئەم کارە، کەسێک هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ هاجەر رادەگەیەنێت، تاوەکو کۆتایی هەڵمەتەکە 34 هەزار یۆرۆی بۆ کۆدەکرێتەوە.
 
ئێستا هاجەر لە ئەمستردام لە شوقەی کرێدا دەژیت؛ کرێی خانوو یانیش شوقەیەکی ئاسایی لە ئەمستردام لە نێوان 600 بۆ هەزار و 200 یۆرۆدایە. بەو پارەیەی بۆی کۆکراوەتەوە، هاجەر دەتوانێت کرێی نزیکەی سێ ساڵی بدات. 
 
هاجەر دەڵێت هەفتەی یەکەم لە خۆشیدا بە ئەستەم خەو چووەتە چاوەکانی: "هەفتەی یەکەم شەوان خەوم لێنەدەکەوت، هەفتەی دووەم دۆخم تۆزێک باشتربوو، بەڵام هێشتا پڕبووم لە ئادرینالین و وزە."
 
هاجەر بەم پارەیە گەشتێکی ئیتاڵیای کرد و هەفتەیەک لەوێ مایەوە: "کە تۆ هەژاری، وادەزانی خەڵک بە چاوێکی کەم سەیرت دەکەن، یان هەر ناتبینن، لەناکاو بەرەکەت بەسەرتدا دەبارێت."
 
هاجەر دەڵێت سەرەتا خەڵک وایاندەزانی پۆلیسی ئەمستردام ئەم چیرۆکەی هەڵبەستووە، بەڵام کە ئێستا خەڵك کە رۆژانە لە مارکێتەکان دەیبینن، پارەی کۆلا و رێد بووڵی دەدەن. هەندێکجار شوفێرانی تەکسی هۆڕنی بۆ لێدەدەن و پارەی دەدەنێ.
 
ئەو گەنجە، کە موسڵمانە دەڵێت بووەتە پەند و ئامۆژگاری بۆ زۆر خەڵک، کە رۆژانە لەسەر شەقامەکان ئەو دەبینن، دەڵێت منداڵان لەگەڵ دایکیان پەنجە بۆ من درێژدەکەن و دەڵێن: "سەیرکە دایکە، ئەوە پیاوە دەستپاکەکەیە."