کرێملن: ناتۆ و رۆژئاوا لە هێرشەکەی سەر رووسیا تێوەگلاون

 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، هاوپەیمانیی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا لە هێرشەکەی سەر هەرێمی کورسک لە رووسیا تێوەگلاون.
 
رۆژی هەینی، 16ـی ئابی 2024، نیکۆلای پاتروشێف، یاریدەدەری کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن بە میدیای وڵاتەکەی گوت، راگەیێندراوی ئەمریکا کە باس لەوە دەکات لە هێرشەکەی سەر رووسیا تێوەنەگلاوە، "راست نییە".
 
ئەو یاریدەدەرەی کرێملن کە پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا بوو دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکەی هەرێمی کورسک بە بەشداری ناتۆ و دەزگا رۆژئاواییەکان پلانی بۆ داندرابوو".
 
نیکۆلای باسی لە توانا سەربازییەکانی ئۆکراینا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکراینا بەبێ پاڵپشتی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا توانای چوونە نێو خاکی رووسیای نەبوو. 
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئۆکراینا پێش ئەو هێرشە هیچ ئاگادارییەکی نەداوە و ئەمریکاش لەو هێرشە بەشدار نەبووە. لەکاتێکدا پێشتر رووسیا رایگەیاندبوو، پاڵپشتیکارە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا ئاگاداری ئەو هێرشە بوونە.
 
بەرەبەیانی رۆژی 06-08-2024، هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر رووسیا. هەرزوو ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانیان دەتوانن ئۆکرایناییەکان دەربکەن و دووریان بخەنەوە؛ بەڵام ئەوە زیاتر لە هەفتەیەکە شەڕی چڕ بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئۆکراینییەکان دەرنەکراون.
 
دوێنێ پێنجشەممەش، فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکراینا رایانگەیاند، پێشڕەوییەکانیان لە رۆژئاوای رووسیا بەردەوامە و لە 24 کاژێری رابردوودا، نزیکەی دوو کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە لە چوارچێوەی پێشڕەوییەکانیشیان، گەورەترین شارۆچکەی رووسیایان لە هەرێمی کورسک کۆنترۆل کردووە.
 
ئەلێکساندەر سریاسکی، فەرماندەی گشتی سوپای ئۆکراینا لەنوێترین راپۆرتی سەبارەت بە پێشڕەوییەکانیان لەنێو خاکی ئۆکراینا، رایگەیاند، 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی دوو کیلۆمەتر چوارگۆشە پێشڕەویان هەبووە لەچوارچێوەی پێشڕەوییەکانیشیان، تائێستا 82 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان کۆنترۆل کردووە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی رووسی، بەهۆی ‌هێرشەکانی ئۆکرایناوە تائێستا زیاتر لە 120 هەزار کەس لە هەرێمی کورسک ئاوارە بوون، ئەمە بێجگە لەوەی 12 کەسی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 130 کەسی دیکەش برینداربوون.