جیهان
پییاتۆنگتارن شینواترای کچی تاکسین شینواترا سەرمایەدار و سەرۆکوەزیرانی پێشووی تایلاند. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تایلاند، پییاتۆنگتارن شینواترای کچی تاکسین شینواترا سەرمایەدار و سەرۆکوەزیرانی پێشووی بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەستنیشانکرد.
رۆژی هەینی، 16ی ئابی 2024، پییاتۆنگتارنی تەمەن 37 ساڵ بووە گەنجترین سەرۆکوەزیرانی تایلاند و چوارەم ئەندامی خێزانەکەی و دووەم ئافرەتی خێزانەکەی کە ببێتە سەرۆکوەزیرانی تایلاند.
هەڵبژاردنی ئەو ژنە لەدوای دوو رۆژ لەدەرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو سریتا تاڤیسن، لەلایەن دادگەی دەستووری تایلانداوە دێت.
پییاتۆنگتارن لەدوای باوکی و پووری و مێردی پووری، چوارەم سەرۆکوەزیرانی تایلاند لە هەمان خێزان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا. کە دەسەڵاتی باوک و پووری لەرێگەی بڕیاری دادگەی دەستوورییەوە، کۆتایی پێهاتووە.
ئەو کچە سیاسەتڤانە سەرۆکی پارتی فوو تای تایلاندییە و سەرەڕای ئەوەی لەدوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2023، سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا، بەڵام هاوپەیمانیی لەگەڵ چەند پارتێکی دیکە کرد و بوونە زۆرینە لەنێو پەرلەمان، بەوشێوەیەش پۆستی سەرۆکوەزیرانیان گرتەوەدەست.
دوورخستنەوەی تاڤیسن لە پۆستەکەی لەلایەن دادگەی دەستوورییەوە، بەهۆی ئەوە بووە، کەسێکی تاوانباری کردووەتە وەزیر لە کابینەکەی، بەمەش تاڤیسن بووە چوارەم سەرۆکوەزیرانی تایلاند لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا لە رێگەی دادگەی دەستوورییەوە لە پۆستەکەی لادەدرێت، کە ئەو دادگەیە لەلایەن سوپای وڵاتەوە کۆنترۆڵکراوە و ئەو بڕیارەش بە فەرمانی سوپا دژی پارتە سیاسییەکان دادەنرێت.
باوکی پییاتۆنگتارن دوای ئەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ لە دەرەوەی وڵات ژیانی بەسەر برد، ساڵی رابردوو لەگەڵ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی لەلایەن پارتەکەیەوە گەڕایەوە تایلاند، ئەمەش لەدوای رێککەوتنی لەگەڵ سوپا، کە رووبەڕووی دادگە نەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ