ئەم مانگە متمانە بە ئابووریی ئەڵمانیا بە رێژەی 50٪ دابەزیوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هۆکارەکەی لەم ڤیدیۆیەدا بزانە
هۆکارەکەی لەم ڤیدیۆیەدا بزانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندێکی گەورەی لێکۆڵینەوەی ئابووری لە ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات، متمانە بە ئابووریی ئەڵمانیا لە 41.8 خاڵی مانگی تەممووزەوە، دابەزیوە بۆ 19.2 لە مانگی ئاب دا.
 
بەشێک لە ئابووریناسان پێیان وایە ناڕوونی رەوشی سیاسی و نادڵنیایی گەورەترین زیانی لە ئابووریی ئەڵمانیا داوە، لەنێوانیشیاندا ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
کارستن بێرزێسکی، ئابووریناسی سەر بە بانکی ING دەڵێت، "نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان. با لەبیرنەکەین 10٪ی کۆی هەناردەکاری ئەڵمانیا بۆ ئەمریکا دەڕوات. لەبەر ئەوەش ئەگەر ئابووریی ئەمریکا سستبێتەوە کەرتی هەناردەکاری ئەڵمانیا زیانی پێدەگات و بەباشی هەستی پێدەکات."
 
بەپێی داتا فەرمییەکان، گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا 0.1٪ پاشەکشەی کردووە. لە کاتێکدا، ئابووریی ئەو وڵاتە لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا  0.2٪ گەشەی کردبوو.
 
شرۆڤەکاران پێیانوایە حکومەتی ئەڵمانیا جگە لە پێشکەشکردنی پاکێجێکی هاندانی ئابووری رێگەیەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە، ئەگەر بەنیازبێت رێگە لە سستبوونەوەی زیاتری ئابووریی ئەو وڵاتە بگرێت.
 
بێرزێسکی ئاماژە بەوە دەکات، "لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا دەبینین زۆربەی ئابووریی وڵاتە ئەورووپییەکان بە رێژەیەکی کەم گەشەیان کردووە، ئەڵمانیای لێ بەدەر بێت. لەبەرئەوەش پێدەچێت زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکان خۆیان لە قەیرانی ئابووریی ئەڵمانیا بەدوور گرتبێت، بەڵام پێموایە ئەمە زۆر ناخایێنێت و سستیی ئابووریی ئەڵمانیا، ئابووریی وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش بە دەردی سستبوونەوە دەبات."
 
لەنێوان 7 وڵاتی پیشەسازیی جیهان کە بە گرووپی 7 ناسراون، ئەڵمانیا خراپترین رەوشی ئابووری هەیە.
 
سندووقی نێودەوڵەتیی  دراو پێشبینیکردووە ئابووریی ئەڵمانیا لە ساڵی 2024 تەنیا 0.2٪ گەشە بکات و ساڵی داهاتووش 1.3٪ گەشە بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی جەنگ لە شاری کورسکی رووسیا. وێنە: AFP

کرێملن: ناتۆ و رۆژئاوا لە هێرشەکەی سەر رووسیا تێوەگلاون

رۆژی 14ـی ئەم مانگە، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئۆکراینا پێش ئەو هێرشە هیچ ئاگادارییەکی نەداوە و ئەمریکاش لەو هێرشە بەشدار نەبووە. لەکاتێکدا پێشتر رووسیا رایگەیاندبوو، پاڵپشتیکارە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا ئاگاداری ئەو هێرشە بوونە.