وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پابەندین بە برەودان بە پەیوەندییە بەهێزەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

12 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، پابەندن بە برەودان بە پەیوەندییەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵگەی ئەوەش، کردنەوەی گەورەترین باڵەخانەی دیپلۆماسیی جیهانە لە هەولێر. 
 
رۆژی هەینی 16-08-2024، گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "پابەندین بە برەودان بە پەیوەندییە بەهێزەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوەش بۆ بۆ باشترکردنی ئامانجە هاوبەشەکانمان لە ئاسایش، گەشانەوەی ئابووری و بەرەوپێشچوونی دیموکراسییەت".
 
ئەو گوتەبێژە ناونەهێندراوە ئاماژەی بەوەشکرد، "ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەولێر پشتگیری لە هەوڵەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی داعش، باشترکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە 20ـی ئۆکتۆبەر. باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەکەمان بەڵگەی پابەندیی نەگۆڕمانە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا."
 
هەرچی لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە، ئەو گوتەبێژە گوتی، لە پارەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە لە گفتوگۆدان، لەوانەش سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە نیسانی 2024 و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سوودانی لە 11ـی ئاب.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردەی گوت، "بڕوامان وایە کە نزیکین لە رێککەوتنێک، بەڵام جارێ هیچ شتێک راناگەیێنین. ئەم پرۆسەیە پشت بە گفتوگۆ ستراتیژییە دوو قۆڵییەکانی پێشوو دەبەستێت کە لەبارەی پابەندیی دوولایەنە بوون تایبەت بە هاوئاهەنگیی ئەمنی و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا لە برەودان بە سەقامگیریی هەرێمی."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و گەورەترین باڵەخانەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە جیهان خەریکە لە هەولێر تەواو دەبێت. ئایا چۆن ئەزموونی بیتنەر لە ناوچەکە و کردنەوەی ئەم دامەزراوە نوێیە، کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کەمکردنەوەی گرژییەکان و چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت؟
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە: ئەمریکا پابەندە بە برەودان بە پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باشترکردنی ئامانجە هاوبەشەکانمان لە ئاسایش، گەشانەوەی ئابووری و بەرەوپێشچوونی دیموکراسییەت. کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەولێر پشتگیری لە هەوڵەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەزاندنی داعش، باشترکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە 20ـی ئۆکتۆبەر. باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەکەمان بەڵگەی پابەندیی نەگۆڕمانە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.
 
رووداو: لەبارەی ئەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا و کۆنسووڵخانە نوێیەکە، ئایا ئەوە بە مانای ئەوە دێت کە ئەمریکا بیر لە دەستکاریکردنی هێزەکانی بکاتەوە لە وڵاتەکە؟
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە: لە پارەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان لە گفتوگۆداین، لەوانەش سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە نیسانی 2024. بەردەوام دەبین لە گفتوگۆی بەرهەمدار، هەروەک لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 11ـی ئاب جەختی لەسەر کرایەوە. گفتوگۆکان بەردەوامن. ئێمە بڕوامان وایە کە نزیکین لە رێککەوتنێک، بەڵام جارێ هیچ شتێک راناگەیێنین. ئەم پرۆسەیە پشت بە گفتوگۆ ستراتیژییە دوو قۆڵییەکانی پێشوو دەبەستێت کە لەبارەی پابەندیی دوولایەنە بوون تایبەت بە هاوئاهەنگیی ئەمنی و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا لە برەودان بە سەقامگیریی هەرێمی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە