جۆ بایدن: لە هەر کاتێک زیاتر لە ئاگربەست نزیکین

48 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "لە هەر کاتێک زیاتر لە رێککەوتنی ئاگربەست بۆ جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان نزیکین"، بەڵام "هێشتا پێی نەگەیشتووین."
 
رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە "زۆر زۆر نزیکە بەراورد بە سێ رۆژ لەمەوبەر."
 
نێوەندگیرانی ئەمریکی، میسری و قەتەری دوو رۆژ بوو لە دەوحە بە بەشداریی شاندی ئیسرائیل سەرقاڵی دانوستاندنی ئاگربەست بوون. بەرپرسانی قەتەری و میسری لە گفتوگۆکاندا نوێنەرایەتیی حەماس دەکەن.
 
رۆژی هەینی، سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە لە راگەیێندراوێکدا گەشبینیی خۆیان بەرامبەر دانوستاندنەکان دەربڕی و بە "جیدی و بونیادنەر" ناویانبردن.
 
لەو گفتوگۆیانەدا نێوەندگیرەکان پێشنیازێکیان خستووەتەڕوو و چاویان لەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا کار لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکانی جێبەجێکردنی بکەن.
 
بەرپرسێکی حەماس لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئیسرائیل مەرجی نوێی بۆ ئەو پێشنیازە زیاد کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا لە ئایاری ئەم ساڵ پێشكێشی کرد، بۆیە بزووتنەوە فەلەستینییەکە پێی رازی نییە.
 
هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا هیوای خواست نێوەندگیرەکان گوشار لە حەماس بکەن بۆئەوەی بە مەرجە نوێیەکانی رازی ببێت.
 
بەرپرسەکەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاندووە، یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل بریتییە لە هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لەنێو غەززە بە درێژایی سنووری میسر، لە کاتێکدا حەماس داوای کردووە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچە فەلەستینییەکە بکشێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و گیراوە فەلەستینییەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن.
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل لە دەوحە داوایکردووە مافی ڤیتۆکردنی ئازادکردنی هەندێک بەندکراوی فەلەستینی هەبێت، هەروەها بتوانێت هەندێک لە بەندکراوە فەلەستینییەکان بنێرێتە شوێنەکانی دیکە، نەک غەززە.
 
پێشنیازەکەی بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت و بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەستپێدەکات، کە لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە، درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن. 
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هەر ئەمڕۆ هەینی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لۆید ئۆستنی هاوتا ئەمریکییەکەی کرد و جەختی لە گرنگیی دانوستاندنەکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە کردەوە کە حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پار دەستگیریکردن. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، گالانت "باسی لەوە کرد کە بەدەستهێنانی ئەم رێککەوتنە ئەرکێکی رەوشتبەرزانە و پێداویستییەکەی ستراتیجی و ئەمنییە."
 
چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم، 251 کەسیان لە ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە بە بارمتەگرت. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێشتا 72یان بە زیندوویی لەوێ ماون و 39ی دیکەشیان گیانیان لەدەستداوە. 
 
هێرشی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە بووەتە هۆی کورژانی لانیکەم 40 هەزار و 5 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمە وەک تەندروستیی کەرتەکە باسی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە