فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسیا کەوتەخوارەوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسیا لە هەرێمی سیبیریای ئەو وڵاتە لەکاتی راهێنان کەوتەخوارەوە و بەو هۆیەوە فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی 16ی ئابی 2024 ئیگۆر کۆبزێڤ، پارێزگاری ناوچەی ئیرکوتسک رایگەیاند، فڕۆکەکە لە جۆرەی Tu-22M3 بووە و دوێنێ پێنجشەممە لە ناوچەیەکی ئەو پارێزگایە کەوتووەتە خوارەوە.
ئیگۆر ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتەوە شوێنی رووداوەکە، بەڵام فڕۆکەوانەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
پارێزگاری ناوچەی ئیکوتسک راشیگەیاند، فڕۆکەکە سێ فڕۆکەوانی دیکەی تێدا بووە، بەڵام ئەوان سەلامەتن.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، ئیگۆر ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوە تاوەکو ئێستا لە لێکۆڵینەوەکەیان بەردەوامن، بەڵام گومان دەکرێت بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە فڕۆکەکە کەوتبێتە خوارەوە.
فڕۆکەی Tu-22M3 فڕۆکەیەکی شەڕکەری ستراتیژییە و دەتوانێت چەندین جۆر بۆمب هەڵبگرێت و لەلایەن کۆمپانیای Tupolevی رووسییەوە دروستکراوە.