ئەمریکییەکان متمانەی زیاتریان بە هاریس هەیە ئابوورییەکەیان بەهێز بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لە شاری ئاشڤیڵ لە ویلایەتی کارۆڵاینای باکوور لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشدارن و دەڵێن، متمانەیان بە بەربژێرەکەیان هەیە ئابووری وڵاتەکەیان بەهێز بکاتەوە.
 
یەکێک لە پرسە گرنگ و یەکلاکەرەوەکانی هەڵبژاردنی نۆڤێمبەری ئەم ساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پرسی ئابوورییە.
 
سامی دەیڤس، لایەنگری ترەمپە و دەڵێت، "هاوڕام لەگەڵ زۆر لە سیاسەتەکانی ترەمپ بەتایبەتی لەبارەی سیاسەتەکانی دەرەوە، کۆچبەران و باج." 
 
بەگوێرەی راپرسییەکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، 42٪ـی ئەمریکییەکان دەڵێن متمانەی زیاتریان بە هاریس هەیە بۆ پتەوکردنی ئابووریی وڵاتەکەیان لە بەرامبەردا 41٪یان متمانە بە ترەمپ دەکەن ئابوورییەکەیان بگەشێنێتەوە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، مانگی رابردوو پێش کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی تەنیا 35٪ـی ئەمریکییەکان متمانەیان بە بایدن هەبووە ئابووریی وڵاتەکە سەقامگیر بکاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان رایگەیاند، "لەگەڵ چواری دیکە لە هاریس، باری داراییت هەرگیز چاک نابێتەوە. وڵاتەکەمان هەرگیز ئاسایی نابێتەوە. لەوەش گرنگتر، هەرگیز چاک ناکرێتەوە. دەنگ بە ترەمپ بدە و داهاتت دەفڕێت، پارەی کۆکراوەت زیاتر دەبێت و گەنجانیش دەتوانن خانوویان دەستبکەوێت و دەتوانین خەونی ئەمریکا بگەڕێنینەوە."
 
هاریس هەوڵیداوە خۆی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی بایدن دووربخاتەوە و لە بانگەشەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، "بەهێزکردنەوەی ئابوورییەکەمان و بونیاتنانەی چینی مام ناوەندی کۆمەڵگە، ئامانجی سەرەکی سەرۆکایەتیم دەبێت، چونکە دەزانم کاتێک چینی مام ناوەندی ئەمریکا بەهێز بێت، ئەمریکا بەهێز دەبێت." 
 
ترەمپ و تیمەکەی هەوڵیانداوە هاریس راستەوخۆ ببەستنەوە بە ئاستی ئابووریی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدن کە لە ساڵی 2022وە، رووبەڕووی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی گرانبوونی نرخەکان بووەتەوە و تائێستاش نەتوانراوە ئەو بەرزبوونەوەیە خاو بکرێتەوە.