ژمارەی ئەوانەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپایان بڕیوە بەراورد بە پار 40% کەم بووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم ساڵ لەچاو ساڵانی پێشوو کەمتر کۆچبەری نایاسایی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپایان بڕیوە. پۆلیسی ئەورووپی بڵاویکردووەتەوە کە لە 7 مانگی ئەم ساڵدا رێژەی ئەوانەی سنووریان بڕیوە بەراورد بە ساڵی رابردوو 40% کەمیکردووە.
 
لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپاش داتای نوێ لەسەر کۆچبەران بڵاوکرانەوە؛ پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس)، کە بارەگا سەرەکییەکەی لە پۆڵەندایە، رایگەیاندووە لە 7 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 113 هەزار و 400 کۆچبەر لەلایەن ئەو ئاژانسەوە لەسەر سنوورەکان گیراون و زانیارییەکانیان تۆمار کراوە، ئەمەش دەکاتە 40% کەمتر بەراورد بە ساڵی رابردوو.
 
کۆچبەران زۆرتر لە سێ رێگەی سەرەکییەوە بە شێوەی نایاسایی خۆیان دەگەیێننە نێو یەکێتیی ئەورووپا؛ رێگەیەکیان ئەوەی وڵاتانی باڵکانە، رێگەیەکیان یۆنان و ئیتاڵیایە، رێگەی سێیەمیش لە رێگەی ئەفریقایە.
 
وەکو فرۆنتێکس باسی دەکات، رێگەی ئەفریقا وەکو خۆی ماوەتەوە، بەڵام لە دوو رێگەکەی دیکە رێژەکە زۆر کەم بووەتەوە.