ترەمپ: داوام لە نەتەنیاهوو کرد کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت لە دوایین کۆبوونەوەیاندا، داوای لە نەتەنیاهوو کردووە کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ویلایەتی نیوجێرسی باسی لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد.
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو [نەتەنیاهوو] دەزانێت چی دەکات، هانمدا کۆتایی بەمە [جەنگەکە] بهێنێت. دەبێت زوو کۆتایی بەو جەنگە بێت. سەرکەوتن بەدەستبهێنەوە و کۆتایی پێبێنە. ئەو کوشتارە دەبێت بوەستێت".
لە 26ـی مانگی رابردوو ترەمپ لە ماڵەکەی خۆیدا لە ماڕالاگۆی فلۆریدا پێشوازی لە نەتەنیاهوو کرد.
کۆبوونەوەکەی ترەمپ و نەتەنیاهوو دوای چەند رۆژێک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هارسی جێگری بەجیا لەگەڵ نەتەنیاهوو هات.
ترەمپ رەخنەی لە بایدن و هاریس گرت بەوەی بەردەوام داوای ئاگربەستییان کردووە: "هەر لە سەرەتاوە هاریس کاریکردووە بۆ ئەوەی دەستی ئیسرائیل لەدواوەی ببەستێت. ئەو بەردەوام داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات."
لە ئەگەری دووبارە بوونەوەشی بە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ بەڵێنی دا کە پاڵپشتی تەواوەتی لە ئیسرائیل دەکات: "من هەموو پاڵپشتییەک کە ئیسرائیل پێویستی پێیەتی پێیان دەدەم بۆ ئەوەی بیبەنەوە، من دەمەوێت ئەوان بەخێرایی بیبەنەوە".
ئەو گوتانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، شاری دۆحەی پایتەختی قەتەر، میوانداریی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە کرد.
بەرپرسانی حەماس رایانگەیاندووە، پێویستە بەزووترین کات پلانی ئاگربەستەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، کە لە 31ـی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، پەسند کرا، راستەوخۆ جێبەجێ بکرێت، نەوەک گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت.
پلانەکەی بایدن، لە سێ قۆناخ پێکدێت، قۆناخی یەکەم شەش هەفتەیە، تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە. لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەدا، ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت.
لە قۆناخی دووەمدا ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیشدا، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت.