بایدن: گفتوگۆکانی دەوحە بەردەوامن و بە تەلەفۆن ئاگاداریانم

رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان لە پێناو وەستاندنی جەنگی غەززە بەردەوامن و بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شاندنی وڵاتەکەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کردووە کە لەوێ دانوستاندنەکان دەکرێن. 
 
بایدن هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، نێوەندگیرانی میسری و قەتەری، لە دانوستاندنەکاندا نوێنەرایەتیی حەماس دەکەن. شاندی حەماس بەشدار نییە. 
 
حوسام بەدران، بەرپرسی حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هەر رێککەوتنێک بکرێت، پێویستە ئاگربەستێکی تەواو، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و گەڕانەوەی ئاوەرەکان لەخۆبگرێت."
 
بتسەلئیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ناردنی شاندی ئیسرائیلی بۆ دەوحە "هەڵەیە و دەکرێت ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت."
 
ئەو وەزیرە بە میدیای ئیسرائیلی گوتووە: "حەماس نوێنەرانی نانێرێت بۆ دانوستاندن و ئێمەش وەک وا دەردەکەوین لێیان بپاڕێینەوە."
 
هاوکات، میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان سەرپشککردووە کە یان رێککەوتن لەگەڵ حەماس یانیش بەرپابوونی جەنگێکی هەرێمی هەڵبژێرێت. 
 
بەرپرسی دۆسیەی بارمتەکانیش لەنێو سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە نەتەنیاهوو داوە کە دۆخی بارمتەکان خراپتر دەبێت و پێویستە شاندی ئیسرائیلی لە دەوحە نەرمی بنوێنێت. 
 
دوێنێ شەو هەزاران خۆپێشاندەر لەسەر شەقامەکانی تەلئەڤیڤ داوایان لە حکومەتی ئیسرائیل کرد لەگەڵ حەماس رێکبکەوێت بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازادبکرێن. 
 
یۆنی لێڤی، باوکی بارمتەیەکە بە ناوی ناعام لێڤی، دەڵێت: "بێ بارمتەکان، ئەم وڵاتە تەواو نییە. بێ ئەوان، ئەم وڵاتە هەڵدەوەشێتەوە."
 
خۆپێشاندەرێکی دیکە بە ناوی دەیڤد شەپیرۆ دەڵێت: "پێمانوایە ئەمە دەرفەتی کۆتاییە بۆ گەڕانەوەیان."