هەواڵگریی ئەمریکا: پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت، ئێران پلانی هەبووە ترەمپ بکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
پێش هێرشەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ و بریندارکردنی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیارییان هەبووە ئێران سەرقاڵی هەوڵێکە بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەڵام ئەو پیلانانەی ئێران پەیوەندییان بە هێرشەکەی رۆژی شەممەوە نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکی کە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویان کردووەتەوە، چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی رۆژی شەممە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا چاودێریی ئەو زانیارییانەیان کردووە کە باس لە پیلانی ئێران دەکەن بۆ کوشتنی ترەمپ، بەڵام ئاماژەش بەوە دەکەن لەو بڕوایەدا نین ئەو پیلانانەی تاران پەیوەندییان بە هێرشی گەنجە ئەمریکییەکەوە هەبووبێت کە لە ویلایەتی پێنسلڤانیا ترەمپی بریندار کرد.
بەرپرسەکان ئەوەشیان راگەیاندووە، ئەو زانیارییانە وایان کردووە هێزی پاراستنی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا ناچار بن رێکارە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی دۆناڵد ترەمپ تووندتر بکەن، بەڵام هەر رێکارێکیان گرتووەتەبەر، رێگری نەکردووە لەوەی گەنجە 20 ساڵە ئەمریکییەکە بچێتە سەر باڵەخانەیەکی نزیک لە گردبوونەوەکەی ترەمپ و شەش بۆ هەشت گوللـە بە ترەمپەوە بنێت.
یەکێک لە گولـلەکانی گەنجەکە بەر گوێی راستی ترەمپ کەوت و برینداری کرد.
بەپێی بەرپرسە ئەمریکییەکان بێت، زانیارییەکانی پیلانەکەی ئێران پێش هێرشەکەی رۆژی شەممە، بە تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ دراون.
ئەو پیلانانەی ئێران لە دوای ساڵی 2020ـەوە سەرچاوەیان گرتووە کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بە درۆن کوشت.
لەبارەی ئەو هەڕەشانەوە، ئەدریان وەتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هەروەکو چەندین جاری دیکە رامان گەیاندووە، ئێمە چەندین ساڵە چاودێریی ئەو هەڕەشانەی ئێرانییەکان دەکەین لە دژی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ. ئەو هەڕەشانەی ئێران لە ویستی تۆڵەکردنەوە بەرامبەر بە کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرچاوەیان گرتووە."