هەفتەی داهاتوو تاکسیی خۆکار لە چین تاقیدەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چین هەفتەی داهاتوو ئۆتۆمبێلی تاکسیی خۆکار تاقیدەکرێتەوە، کە دوایین پێشکەوتنی ئەو وڵاتەیە لە بواری تەکنەلۆژیا. سەرنشین لەڕێگەی مۆبایلەوە داوای تاکسییەکە دەکات و دوای چەند خوولەکێک دەگاتە لای، بەبێ ئەوەی شۆفێری هەبێت؛ سەرنشینەکەش دوای خۆبەستنەوە پەنجە بەو ناونیشانەدا دەنێت کە دەیەوێت بۆی بڕوات.
 
چین گوۆفا، بەڕێوەبەری کوالێتی دەڵێت، "ئێستا ئۆتۆمبێلە خۆکارەکان لە 90%ی شۆفێری شارەکەمان سەلامەتترن؛ بەڵام هێشتا هەندێک بارودۆخ هەن وەکو یاسا ئاڵۆزەکانی ترافیک، کە دەبێت گۆڕانکارییان تێدا بکەین."
 
ئەم مانگە چوار کۆمپانیای تاکسیی خۆکار لە شانگهای مۆڵەتی نمایشکردنی تاکسییەکانیان وەرگرتووە. تاوەکو قۆناخی تاقیکردنەوە تەواو دەبێت، ئەفسەرێک لە سەکنی تاکسییەکە دادەنیشێت، بۆئەوەی سەرنشین لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بپارێزێت.
 
چین گوۆفا گوتی، "لە یەکەم وەجبەدا پێنج ئۆتۆمبێلمان بەرهەمهێناون، تاوەکو کۆتایی ساڵ 40 ئۆتۆمبێل بڵاودەکەینەوە."
 
لە دیوی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە، سەرنشینان لەسەر شاشەیەکی گەورە رێگەی بەردەمیان دەبینن.
 
تاکسییەکە بە هێمنی دەڕوات و زۆریش پێچ ناکاتەوە، هەر کەموکوڕییەکیشی هەبێت کۆمپانیاکان بەڵێنیان داوە لە ماوەی تاقیکردنەوەدا درکیان پێبکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵ چاکیان بکەن.