کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

رووداو دیجیتاڵ 

هێشتا برینی ئەو گوللەیە ساڕێژ نەبووە، کە گوێی ترەمپی رووشاند، کاتێک لە کۆنگرەی نیشتیمانیی حیزبەکەی بە بەربژێری کۆمارییەکان هەڵبژێردرا و ئەویش کەسێکی بە جێگری خۆی هەڵبژارد.
 
دۆناڵد ترەمپ تەنیا 48 کاژێر دوای هەوڵی تیرۆرکردنی کەسێکی بە جێگری خۆی هەڵبژارد کە تا دوێنێ نەیاری سەرسەختی بوو و، ئەمڕۆ دەڵێت کەس لە ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا شیاتر نییە.
 
جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.
 
بەڵام ئەمڕۆ دەستی لەگەڵ ترەمپ تێکەڵکردووە، ئەگەر ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 بباتەوە، دەبێتە جێگری.
 
جەی دی ڤانس، بەربژێری ترەمپ بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی "بەڵێن بە هەموو ئەوانە دەدەم کە دەستبەکار دەبن، هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە پایتەخت بەرپرسیاریێتی وەردەگرن، پێویستمان بە سەرکردایەتیێکی باشترە بۆ واشنتن، ئەمەش رێک ئەوەیە کە بەڵێن دەدەم هەموو رۆژ لەپێناویدا بجەنگم."
 
جەی دی ڤانس نووسەرێکی ناوداری نیویۆرک تایمزە و بەرهەمەکانی لە پڕفرۆشترینەکانن.
 
ئەگەرچی دوێنێ بەیەکەوە هەڵیان نەدەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لە بیروبۆچوونی پۆپیولیستی، زۆر باش لەگەڵ ترەمپ یەک دەگرنەوە.
 
ڤانس زیاتر کەوتە بەرچاوی میدیاکان کاتێک ترەمپ لە هەوڵێکی تیرۆرستی رزگاری بوو، ئەویش جۆ بایدنی بە هۆکاری هێرشکردنە سەر ترەمپ تۆمەتبارکرد.
 
ڤانس دەیگوت "چەقی بانگەشەکەی بایدن ئەوەیە؛ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ فاشیستێکی تاکڕەوە و دەبێت بە هەموو شێوەیەک بوەستێندرێت." گوایە ئەمە هانی گەنجەکەی داوە تەقە لە ترەمپ بکات.
 
جەی دی ڤانس، بەربژێری ترەمپ بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ "خۆشحاڵم کە پاڵپشتی سەرۆکم هەیە. خۆشحاڵم بە پاڵپشتی هەر یەکەتان. سەیرکەن، لەگەڵ هەر کەسێک دەست تێکەڵدەکەم کە هاوکار بن لە بردنەوەمان چونکە ئامانجەکە ئەوەیە؛ رێگە نەدەین رایان مۆرێکی دی بۆ جۆ بایدن لێبدات لە واشنتن."
 
ڤانس کەسێکی یاساناسە و  پێشتر لە هێزی پیادەی دەریایی ئەمریکا سەرباز بووە. ترەمپ دەڵێت لەمەودوا سەرنجی چڕی لەسەر ئەوانە دەبێت کە لەگەڵیدا جەنگاون.
 
ڤانس دەڵێت ترەمپ ئەو کەسەیە توانی کۆتایی بە داعش بهێنێت و گورزێکی گەورەش لە ئێران بدات. 
 
بەربژێرەکەی ترەمپ؛ بایدن بە هۆکاری بەردەوامیی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەزانێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا و رووسیا دەهێنن و سەرنجی گەورەیان دەخەنە سەر رووبەڕووبوونەوەی چین.