شازادە ویلیەم کرێی مانەوە لە ڤێلایەکیدا لە شا چارڵسی باوکی دەستێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

شا چارڵسی سێیەم، پادشای بەریتانیا لە مامەڵەیەکی شازادە ویلیەمی کوڕە گەورەی نیگەران دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی ویلیەم داوا لە باوکی دەکات بۆ مانەوەی لە ڤێلاکەیدا لە وێڵز، کرێی پێ بدات.
 
ئەو ڤێلایە لە ساڵی 2007 لەلایەن شا چارلسەوە بە 1 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار کڕدرا، بەڵام لە دوای بوونی بە پادشای بەریتانیا لە ئەیلوولی 2022، بە میرات بۆ ویلیەمی کوڕی، شازادەی وێڵز مایەوە.
 
وەک نەریتێکی باوی خۆی، شا چارڵس، پێش بوونی بە پادشای بەریتانیا هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا دوو هەفتەی لە نێو ئەو ڤێلایەدا بەسەر دەبرد، بەڵام ئەمساڵ کاتێک ویستوویەتی هەمان کار بکات، کوڕەکەی داوای لێکردووە کرێی پێ بدات.
 
ڤێلاکە ناوی فلۆنیڤێرمۆتە و دەکەوێتە پارکی نیشتمانیی کەمازەنشێر لە هەرێمی وێڵزی بەریتانیا.
 

شازادە ویلیەم، دیوکی کامبریج نەک تەنیا داوای لە باوکی کردووە کرێی پێ بدات، بەڵکو پێی گوتووە دەبێت هەموو ئەو کەرەستانەی کە لە ڤێلاکەدا داینابوون بباتە دەرەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پشووەکەی تەواو بوو. 
 
میدیای بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی نزیک لە خێزانی شاهانەی بەریتانیاوە بڵاویکردەوە، "پاشا زۆر نیگەران بووە، هەر چۆنێک بێت ئیدی بەو جۆرە رێککەوتوون، واتە دەتوانێت لەوێ بمێنێتەوە، بەڵام دەبێت کرێ بدات".
 
هۆکاری ئەو مامەڵەیەی شازادە ویلیەم ئەوەیە، دوای وەرگرتنی خاوەندارێتی ڤێلاکە، بڕیاری داوە بە کرێی بدات. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵیش، شا چارڵس خۆی پارەی خەرجییەکانی ڤێلاکەی دەدا.
 
شا چارڵس لە ساڵی 2007 ڤێلاکەی کڕی و لە 2008 بە تەواوی دیزاینەکەی نوێ کردەوە؛ رووبەری ئەو زەوییەی ڤێلاکەی لەسەر دروستکراوە 310 دۆنمە.
 

ڤێلاکە 3 ژووری نووستنی تێدایە؛ ژوورێکی میوانی هەیە کە 16 کەسی تێدا جێدەبێتەوە و ئەو مافوورانەی تێیدا داخراون دیزاینی سەدەی 18یان هەیە؛ تەویلەیەکیشی لە تەنیشتەوەیە.