ئۆپنهایمەری راستەقینە کێ بوو؟
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو فیلمی "ئۆپنهایمەر" لە شاشەی سینەماکان نمایش بکرێت؛ پێش ئەوەی تەماشای فیلمە بکەیت هەندێک زانیاریی لەبارەی ژیانی تایبەتی جولیەس رۆبەرت ئۆپنهایمەر بزانە کە بە باوکی چەکی ئەتۆم دەناسرێت.
ئەو فیلمە کە 21ـی تەممووز لە سینەماکانی جیهان دەست بە پەخشدەکردنی دەکرێت، لە دەرهێنانی کریستۆفەر نۆلان، دەرهێنەری بەریتانی - ئەمریکییە و کیلیان مێرفی، ئەکتەری بەنێوبانگی ئێرلەندی رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت. فیلمەکە لەسەر بنەمای چیرۆکی راستەقینە بەرهەمهێندراوە و باس لە ژیانی زانای ئەمریکی و لەدایکبووی ناوچەی مەنهاتنی نیویۆڕک، جولیەس ئۆپنهایمەر دەکات. ئەو زانایەی دوای ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی دروستکرد و بووە "وێرانکاری جیهان"، رێڕەوی مێژووی جیهانی بەیەکجارەکی گۆڕی.
جیهانی ئۆپنهایمەر
ئۆپنهایمەر لە ساڵی 1904 لە نیویۆڕک لەدایکبووە و دایکوباوکی پەنابەری ئەڵمانی جوو بوون. ئۆپنهایمەر خانەوادەیەکی دەوڵەمەند بوون و باوکی کاری بازرگانی قوماشی کردووە و بەوە دەوڵەمەند بووە و دایکیشی نیگارکێش بووە. باوکی لەساڵی 1888 کاتێک مێرمنداڵ بووە رووی لە ئەمریکا کردووە و لەشاری نیویۆڕک گیرساوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەند بووە، ئۆپنهایمەر بە قوتابییەکی بێدەنگ و شەرمن و دوورەپەرێز ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش قوتابییەکی زیرەک بووە، هەربۆیە زوو مامۆستاکانی زانیوویانە، ئۆپنهایمەر "قوتابییەکی جیاوازە".
ئۆپنهایمەر لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، کتێبی فەیلەسوفە یۆنانی و لاتینییەکانی خوێندووەتەوە و زۆر شەیدای بواری کانزازانیی بووە. چەند جارێکیش نامەی بۆ یانەی کانزاکارانی نیویۆڕک ناردووە لەبارەی ئەوەی چ داهێنانێکی لەو بوارەدا کردووە، و ئەوانیش ئەوەندە بە زیرەکی و لێهاتوویی ئۆپنهایمەر سەرسام بوون، بە نامەکانیدا وایانزانیووە، ئۆپنهایمەر کەسێکی پێگەیشتووە نەک منداڵ.
لە دوا ساڵی خوێندنی دواناوەندیدا، ئۆپنهایمەر حەز لە خوێندن لەبواری کیمیا دەکات و کاتێک لە زانکۆ هارڤەرد وەردەگیرێت بۆ ساڵی یەکەم ناخوێنێت، لەبەرئەوەی لە پشووی هاوینەیدا دوو ماددەی دژ بەیەکی کیمیاوی لەماڵەوە تێکەڵ دەکات و دەتەقێتەوە و لەو رووداوەدا بریندار دەبێت.
ساڵانی ئۆپنهایمەر لە ئەوروپا
دوای ئەوەی لە زانکۆی هارڤەرد دەردەچێت، ئۆپنهایمەر روو لە بەریتانیا دەکات و لە زانکۆ کامبریج درێژە بە خوێندنی دەدات.
ئێرنس رەتەرفۆرد کە لە کامبریج مامۆستای بووە، دوای تێبینیکردنی ئۆپنهایمەر، لەسەر خوێندکارەکەی نووسی: "ئەو خوێندکارێکی زیرەک و لێهاتووە، بەڵام بە کەڵکی تاقیگە زانستییەکان نایەت، چونکە چەندجارێک ئامێری تاقیگەکەی شکاندووە، بەڵام بۆ تیۆری زانستی باشترین خوێندکارە."
کاتێک ئۆپنهایمەر تەمەنی دەبێتە 25 ساڵان، ئەو کوڕێکی باریکە و جگەرەخۆری لێدەردەچێت و نانی کەمیشی دەخوارد و زیاتر بیر و هۆشی لای تاقیکردنەوە زانستییەکان بووە. هاوکات، کەسێکیش بووە زوو هەڵچووە و تووڕە بووە، باشترین نموونەش بۆ ئەمە، ئەو کاتە بووە کە لەگەڵ نزیکترین هاوڕێی زانکۆی بەناوی فێرگسن گەشتێک بۆ پاریس دەکەن و لەوێ فێرگسن پێی دەڵێ کە دەیەوێت هاوڕێ کچەکەی بخوازێت. ئۆپنهایمەریش بێ گوێدانە هیچ شتێک راستەوخۆ هاوڕێکەی دەبەستێتەوە و هەڕەشەی خنکاندنی لێدەکات.
ئۆپنهایمەر تەنیا برایەکی هەبووە بەناوی فرانک و جارێکیان کاتێک براکەی لێیدەپرسێت بۆچی زۆربەی کات بەتەنیا دەژی، جولیەس لە وەڵامدا دەڵێت "من فیزیام زیاتر لە هاوڕێ پێویسترە".
لەساڵی 1926، لە دوای دەرچوونی لە زانکۆی کامبریج، ئۆپنهایمەر روودەکاتە زانکۆی گۆتنگینی ئەڵمانیا کە ئەوکات باشترین زانکۆی جیهان بووە لە بواری فیزیادا.
لەو زانکۆیە، ئۆپنهایمەر دکتۆرا لە فیزیا و دواتریش لە فەلسەفەدا دەهێنێت. هەر لەو ماوەیەدا، ئۆپنهایمەر چەندین توێژینەوەی زانستی بڵاودەکاتەوە بەتایبەتی لە بواری میکانیکی کوانتەم کە زانستی فیزیاییە و باس لە تەنۆلکە بچووکەکانی بۆشایی ئاسمان دەکات.
گەڕاندنەوەی ئۆپنهایمەر
دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، ئۆپنهایمەر بۆ ماوەیەک دەچێتە زانکۆی هارڤەرد، بەڵام دواتر روو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەکات و لەوێ لە زانکۆی بارکلی درێژە بە تاقیکردنەوەکانی لە زانستی فیزیاییدا دەدات.
لە زانکۆی بێرکلی، ئۆپنهایمەر لە نزیکەوە لەگەڵ چەندین مامۆستا و لێکۆڵینڤانی بەئەزموون کاری کردووە، بە تایبەت لەسەر تیشکی گەردوونی و لێکدانەوەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەتۆمی.
لە ساڵی 1939، زاناکانی بواری فیزیا، زۆر زیاتر لە سیاسەتڤانان خەمی هەڕەشە ئەتۆمییەکانیان بوو. پاشان فرانکلین رۆسڤێلت، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا رازیکرا هەنگاو بنێت و لێکۆڵینەوە لە بەرهەمهێنانی یەکەم چەکی ئەتۆم بکرێت.
پێکهێنانی تیمی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم
ئۆپنهایمەر وەک یەکێک لە فیزیازانە دیارەکانی ئەمریکا، یەکێک بوو لەو چەند زانایەی دەستنیشانکران بۆ ئەوەی دەست بکەن بە لێکۆڵینەوەی فراوانتر لە توانای چەکی ئەتۆمدا.
بۆیە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1942، روونبوویەوە و بەهۆی کارەکانی تیمی ئۆپنهایمەر، کە دەکرێت بۆمبی ئەتۆم دروست بکرێت و پێشبخرێت و پلانی کۆنکرێتی بۆ پەرەپێدانی دەستیپێکرد.
بەگوێرەی قسەی یەکێک لە هاوڕێکانی ئۆپنهایمەر، ئەو بە هاوڕێ نزیکەکانی گوتبوو، ئیدی هەموو هەست و سۆزێکی بۆ کۆمۆنیستەکان لەنێودەبات، چونکە هەروەکو گوتبووی "ئەگەر نەیکەم، حکومەت بە زەحمەت بەکارمدەهێنێت. نامەوێت هیچ شتێک دەستوەردان لە سوودی من بۆ میللەت بکات."
پاشان، لە ساڵی 1943، ئۆپنهایمەر و تیمەکەی لەلایەن ژەنەڕاڵ لێزڵی گرۆڤیس، فەرماندەی بەشی ئەندازیاریی مەنهاتن بە فەرمی فەرمانیان پێکرا دەست بە دروستکردنی چەکی ئەتۆم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش تاقیگەیەکی توێژینەوەیان لە ناوچەی لۆس ئالمۆس، لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا دامەزراند.
دوای کارکردن و بەرهەمهێنانی ئەو بۆمبە، ئۆپنهایمەر و تیمەکەی توانیان یەکەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆم لە تەممووزی 1945 ئەنجام بدەن. لەکاتی تاقیکردنەوەکەش، ئۆپنهایمەر گوتەیەکی ناسراوی هەیە و دەڵێ "لە دوای ئەم تاقیکردنەوەیە دەزانین جیهان وەکو خۆی نامێنێتەوە؛ پاشان هەندێ لە تیمەکەم پێکەنی و هەندێکیشیان گریان و هەندێکیش بە بێدەنگی مانەوە".
ئەنجامی بیردۆزەکەی ئۆپنهایمەر
پاش یەک مانگ لە تاقیکردنەوەکەی ئۆپنهایمەر و تیمەکەی، هاری ترومان، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا داوای لە ژاپۆن کرد سوپاکەی لە ناوچەی سەر زەریای هێمن بکشێنێتەوە؛ کاتێک نەکشانەوە، لە 6ی ئابی 1945دا، ترومان فەرمانی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دژی ژاپۆن دا و یەکەمجار شاری هێرۆشیما بە بۆمبی ئەتۆم کرایە ئامانج و سێ رۆژ دواتریش لە 9ی ئابدا، شاری ناگاساکی کرایە ئامانج.
بەگوێرەی هەندێک لە میدیاکانی ئەمریکا، ئۆپنهایمەر لەسەرەتادا لەگەڵ دروستکردنی چەکی ئەتۆم بووە بەتایبەتی ئەو ترسی هەبووە رەنگە ئەڵمانیا لە دژی ئەمریکا چەکی قورس بەکاربهێنێت، بەڵام لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان، بۆچوونی دەگۆڕدرێت و دەڵێت: "ئەگەر جەنگ کۆتایی هاتبێت، ئامانج لەو بۆمبە چییە؟" هەروەها میدیای ئەمریکا ئاماژە بە گفتوگۆیەکی پشتڕاستنەکراوەی نێوان ئۆپنهایمەر و هاری ترومان دەکات کە گوایە لەوێدا ئۆپنهایمەر دژایەتیی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لە دژی ژاپۆن راگەیاندووە و بە سەرۆکی ئەمریکای گوتووە "من و تۆ هەردووکمان دەستمان بە خوێن سوورە!"
ئۆپنهایمەر، لەساڵی 1967 و لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە شاری پرینستن لە ویلایەتی نیوجێرسی بە نەخۆشی شێرپەنجەی قوڕگ کۆچی دوایی کرد.