هاوژینی ملیاردێرێکی ئەمریکی ناڕەزایی لە نرخی کوپێک قاوە دەردەبڕێت کە بە 4 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

هاوژینی وارن بەفێت، ملیاردێری ئەمریکی ناڕەزایی لە نرخی کوپێک قاوە دەردەبڕێت کە بە 4 دۆلار بووە. ئەمە لە چوونەدەرەوەیەکی ئێوارانیدا لە شاری سەن ڤاڵی لە ویلایەتی ئایداهۆ لە ئەمریکا بوو.
 
ئاسترید مێنکس، تەمەن 77 ساڵ بە قاوەچییەکەی گوتووە: "ئەمە بۆ هێندە گرانە؟" ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەتوانێت بەو پارەیە نیو کیلۆ قاوە بکرێت.
 
وارن بەفێت، تەمەن 92 ساڵ، ملیاردێرێکی ئەمریکییە و سامانەکەی بە 114 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەو خاوەن و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکانی باکشەر هاتەوەیـە، کە کۆمپانیایەکی پێدانی دڵنیاییە بە بزنس و کۆمپانیاکانی دیکە؛ بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری ئۆماهای ویلایەتی نێبراسکای ئەمریکایە.
 
ئەوانەی لە نزیکەوە بەفێت دەناسن، لە ئاکاری ئاسترید مێنکسی هاوژینی شۆک نابن، چونکە بەفێت خۆی بەوە بەناوبانگە کە ژیانێکی تا بڵێی هەژارانە دەژی و زۆر بە وریایی و دەستپارێزییەوە مامەڵە و خەرجییەکانی دەکات.
بەفێت تاوەکو ئێستا لەو خانووەدا دەژی کە لە ساڵی 1958 لە ئۆماها بە 31 هەزار و 500 دۆلار کڕیویەتی؛ بەیانیان پێش چوونە سەر کار لە ماکدۆناڵدس بۆ نانخواردن دەوەستێت و مووچەیەکی ساڵانەی 100 هەزار دۆلاری بۆ خۆی بڕیوەتەوە و پشت بەوە دەبەستێت بۆ ژیان.
 
هەروەها بەفێت چەند جارێک لۆمەی فڕۆکە تایبەتەکەی کردووە کە خەرجییەکانی زۆرن. 
 
چارلی مەنگەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای باکشەر هاتەوەی لە هاوبەشەکەی باشتر نییە. مەنگەر ئێستا 99 ساڵە و بە فڕۆکەی ئاسایی لە لۆس ئەنجلیسەوە دەچووە ئۆماها.
 
مەنگەر دەڵێت، "کاتێک بە فڕۆکەی بازرگانی دەچوومە کۆبوونەوەکان، هەموو خاوەن پشکە دەوڵەمەندەکان چەپڵەیان بۆ لێدەدام."
 
بەفێت و مەنگەر هەردووکیان بە هەمان شێواز کۆمپانیای باکشەر بەڕێوەدەبەن؛ هەردووکیان وەبەرهێنن کە شارەزاییەکی باشیان لە کڕینی پشکی کۆمپانیا و کاڵاکان هەیە، لەکاتێکدا کە نرخەکەیان لە خوار نرخی راستەقینەی خۆیانەوەیە. هەردووکیان لە مامەڵەکردندا زۆر پارێزگار و دەستپارێزن.