كوردی قیرغیزستان دەبنە پێشمەرگە

16-07-2014
ساڵحێ كەڤربڕی
نیشانەکردن قیرغیزستان پێشمەرگە
A+ A-
رووداو- بیشكەك

كوردی ئاسیای ناوەڕاست، رووسیا و وڵاتانی سۆسیالیستی پێشوو لە هەموو بۆنە و كۆبوونەوەكانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ كوردستان رادەگەیەنن. كوردی قیرغیزستانیش لە نامەیەكدا كە ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە دەڵێن ئامادەن ببنە پێشمەرگە.

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد رۆژێك بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دیاری بكات، كوردی كازاخستان، قیرغیزستان و ئۆزبەكستان بەشێوەیەكی زیاتر لە جاران پشتیوانی خۆیان بۆ كوردستان دەربڕی.

پرۆفیسۆر كنیازێ ئیبراهیم، سەرۆكی كۆمەڵەی كوردی كازاخستان دەڵێت ئەوان پشتیوانی هەموو كار، چالاكی و هەوڵێك دەكەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان. كنیازێ ئیبراهیم كە كەسایەتییەكی ئەكادیمیی بەناوبانگی كوردە، هەروەها گوتی ئەوان وەكو كوردی كازاخستان و ئاسیای ناوەڕاست ئومێدەوارن كە ئەم بانگەوازەی بارزانی هەموو خەون و ئاواتێكی هەزاران ساڵەی گەلی كورد بكاتە راستی. 

كنیازێ ئیبراهیم، لەبارەی كوردستانیبوونی كەركووكیش گوتی "كەركووك دڵی كوردستانە و، هەر قسەیەكیش لە دەرەوەی ئەمە بكرێت، هەرگیز ئەم راستیە ناشارێتەوە. راستە ئێمە لێرەین، بەڵام دڵمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان لێدەدات".

لەلایەكی دیكەوە كوردی قیرغیزستانیش نامەیەكی پشتیوانیان بۆ بارزانی ناردووە. شێخ رەمەزانی سەید (رەمەزان سەیدۆڤ) سەرۆكی جڤاكی كوردی قیرغیزستان، نامەیەكی بۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ناردووە و پشتیوانی كوردی ئەو وڵاتەی دەربڕیوە.

لەبەشێكی نامەكەدا هاتووە "بەناوی هەزاران كوردی قیرغیزستان، ئامادەیی خۆمان پیشاندەدەین بێینە ریزی پێشمەرگەكانتان بۆ بەرگریكردن لە خاكی كوردستان، ئامادەین لە وڵاتی بابوباپیرانمان شانبەشانی پێشمەرگەكانتان لە دژی تیرۆرستان شەڕ بكەین".

لە درێژەی نامەكەدا هاتووە "ئێمە لەو باوەڕەداین كە پێشمەرگەكانمان رێگە بە تیرۆرستان و داگیركەران نادەن یەك بست بێنە پێشەوە بەرەو خاكی پیرۆزی كورد. ئێمەی كوردی قیرغیزستان لەژێر فەرمانی ئێوەداین و هەركاتێك جەنابتان بەپێویستان زانی، ئێمە هەموومان ئامادەین پەیوەندی بە هێزەكانی پێشمەرگەوە بكەین".

وریا قەرەداخی، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە قیرغیزستان كە كوردێكی خەڵكی باشووری كوردستانە، لەبارەی بابەتی سەربەخۆیی كوردستان دەڵێ "سەربەخۆیی كوردستان نزیك دەبێتەوە. پێویستە كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە داوای سەربەخۆیی بكەن. ئەوە قوناخێكی زۆر گرنگە بۆ كورد. ئەگەر كورد سوود لەو رەوشە وەرنەگرێت، دەرفەتێكی گەورە لەدەستدەدات".

وریا قەرەداخی، ماوەیەك لە باشووری ئەفریقیا نوێنەری یوئێن بووە و جارێك چووەتە لای نیلسۆن ماندێلا، سەرۆكی كۆچكردووی ئەو وڵاتە. ماندێلا پێیگوتووە "رۆژێك دێت نەوەكانی ئێوە دەوڵەتی كوردی دەبینن".

قەرەداخی دەڵێت مەسەلەی دەوڵەتی كوردی ئێستا بووەتە باسێكی گەرم "مەسەلەی سەربەخۆیی جۆش و خروشێكی زۆری خستووەتە دڵی كوردی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە