ئێـمباپێ داوا لە گەنجانی وڵاتەکەی دەکات دەنگ بە راستڕۆکان نەدەن
رووداو دیجیتاڵ
یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەڵێت، دژی بیرۆکەی راستڕۆکانە و ئەوانیش نزیکن لە گرتنەدەستی دەسەڵات؛ بۆیە داوا لە گەنجانی وڵاتەکەی دەکات لە هەستیاریی دۆخەکە تێبگەن و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگبدەن.
رۆژی یەکشەممە، 16ی حوزەیرانی 2024، کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لەبارەی دۆخی سیاسیی وڵاتەکەی گوتی: "پێم وایە لە ساتێکی هەستیاری مێژووی وڵاتەکەمانداین و دۆخێکی چاوەڕواننەکراو هاتوەتە پێشەوە. پێویستە بزانین چۆن هاوسەنگی شتەکان دەپارێزین."
ئێمباپێ باس لەوە دەکات: "پاڵەوانێتیی یۆرۆ بۆ ژیانی پیشەییمان زۆر گرنگە، بەڵام پێم وایە ئێمە مرۆڤین و نابێت لە جیهانی دەوروبەرمان داببڕێین، بەتایبەت بۆ بابەتێک کە گرنگە بۆ وڵاتەکەمان. لە ساتێکی زۆر گرنگی وڵاتەکەمانداین و دۆخێک هەیە کە هەرگیز رووی نەداوە. دەمەوێت بە هەموو خەڵکی فەرەنسا، بەتایبەت گەنجەکان بڵێم، ئێمە نەوەیەکین دەتوانین جیاوازی دروستبکەین".
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەشڵێت: "کیلیان ئێمباپێ دژی پەڕگیری و بیرۆکەیی جیاکارییە. ئەمڕۆ دەبینین کە ئەوانەی بیرۆکەی پەڕگیرییان هەیە نزیکن لە گرتنەدەستی دەسەڵات. دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی بڕیار لە داهاتووی وڵاتەکەمان بدەین، بۆیە بە هەموو گەنجان دەڵێم بڕۆن و دەنگ بدەن. پێویستە بیر لە وڵاتەکەمان بکەینەوە."
ئەم گوتانەی یاریزانە فەرەنسییەکە لەکاتێکدان، بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە فەرەنسا بەڕێوەبچێت و رۆژی 7ی مانگی داهاتوو خولی دووەم بکرێت. ئەوەش دوای ئەوە هات کە رۆژی 9ی ئەم مانگە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری هەڵبژاردنی دا.
دوایین رووداوەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی فەرەنسا
رۆژی 14ی ئەم مانگە، پارتە چەپەکانی فەرەنسا بەرەیەکیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پێکهێنا، ئەوەش بە ئامانجی رێگریکردن لە سەرکەوتنی بەرەی نیشتمانی، راستڕۆی دژەکۆچبەری وڵاتەکەیان.
رۆژێک دواتر، ژمارەیەک لایەنگر و سەرکردەکانیان رژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی فەرەنسا و پاڵپشتی هاوپەیمانییەکەیان کرد.
پۆلیسی فەرەنسا دەڵێت، 250 هەزار کەس بەشدارییان کرد، بەڵام خۆیان دەڵێن زیاتر لە 650 هەزار کەس بوون.
هاوکات فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا خۆی بەربژێر کرد و گوتی: "ئەم بڕیارەم داوە چونکە هەستم بە مەترسی دۆخەکە دەکرد. هیچ کات دۆخەکە هێندەی ئێستا مەترسیدار نەبووە چونکە پارتی راستڕۆی پەڕگیر مەترسیدارە. ئەوان هیچ کات هێندەی ئێستا بەهێز و نزیک لە گرتنەدەستی دەسەڵات نەبوون."
بە گوێرەی دوایین راپرسی، پارتی بەرەی نیشتیمانی 29.5٪ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستدێنێت. بەرەی پارتە چەپەکانیش 28.5٪ی دەنگەکان دەبەنەوە. پارتی رێنیسانس کە پارتێکی نێوەندە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەرۆکایەتی دەکات، 18٪ی دەنگەکان دەباتەوە.