گرژی لەنێوان هاندەرانی سربیا و ئەلبانیا لە ئەڵمانیا دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، پۆلیس تەقەی لە کەسێك کرد کە بە "تەور و مۆلۆتۆڤ" دەیویست هێرش بکاتە سەر هێزەکانی پۆلیس.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-6-2024، لە شاری هامبۆرگی باکووری ئەڵمانیا، کەسێك دەیویست بە تەور و مۆلۆتۆڤ هێرش بکاتە سەر چەند ئەفسەرێكی پۆلیس کە لە نێو بازاڕی شارەکەدا بوون، بەڵام هەر زوو هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لێکرد و بە برینداری دەستگیریان کرد.
پۆلیسی هامبۆرگ دەڵێت: "پیاوێك بە تەورێک و مۆلۆتۆڤ چووەتە بەردەم ئەفسەرانی پۆلیس و سەرەتا هەڕەشەی لێ کردوون؛ کاتێك ئەفسەرەکان هەوڵیانداوە ئارامی بکەنەوە هەوڵی هێرشکردنە سەریانی داوە. پۆلیس هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو کەسەی دا، بەڵام نەیتوانی ئەو کارە بکات و بۆیە بە ناچاری تەقەیان لێکرد و بە برینداری دەستگیریان کرد".
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هاووڵاتییە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.
پۆلیسی رەتیکردەوە، هێرشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024وە هەبێت و دەڵێت: " لێکۆڵینەوە دەکەین".
لە رووداوێکی دیکەدا و لە شاری گێلزەرکیرشن ژمارەیەک ئەلبانی هێرشیان کردە سەر هاندەرانی سربیا.
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی یۆرۆ لە گێلزەرکیرشن گوتی: "ژمارەیەک هاووڵاتی ئەلبانی کە دەمامکیان بەستبوو، هێرشیان کردە سەر شوێنێک کە تایبەت بوو بە هاندەرانی سربیا".
دڵنیا رەحمان گوتی: "هێزێکی ئەمنی زۆر بەنێو شارەکاندا بڵاوبووەتەوە و ئەوەش نیگەرانی لای هاندەران دروستکردووە."
رووداوەکە لە کاتێکدایە، ئەمشەو لەو شارەدا یاری نێوان ئینگلتەرا و سربیا دەکرێت.