رووسیا: داعشەکان کوژران و بارمتەکان ئازادکران
رووداو دیجیتاڵ
ئەو "داعشە زیندانیکراوانە" کە لە گرتووخانەیەکی رووسیا دوو پاسەوانیان بە بارمتە گرتبوو، کوژران و بارمتەکانیش ئازادکران.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-6-2024، بەڕێوەبەرایەتیی زیندانی رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا "کوژرانی داعشە زیندانیکراوەکان و ئازادکردنی دوو پاسەوانە بەبارمتەگیراوەکەی" راگەیاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، چەند "داعشێکی زیندانیکراو" لە گرتووخانەی رۆستۆڤ دوو پاسەوانیان بە بارمتە گرت و داوای ئۆتۆمبێل و رێگەی دەرچوونیان کرد، بەڵام رێگەیان پێنەدرا و زوو "یەکەیەکی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆی رووسیا چوونە زیندانەکە" و بەندکراوەکانیان کوشت و دوو پاسەوانەکەشیان ئازادکرد.
میدیای رووسیا دەڵێت، ژمارەی "داعش"ەکان 6 کەس بووە و هەر 6یان کوژراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەک لەو کەسانە "تاوانی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی"یان بەسەردا ساخببووەوە.
بە گوێرەی میدیای رووسیا، 6 کەسەکە بە پەنجەرەی ژووری زیندانەکەوە چووبوونە دەرەوە و بە پەت چەند نهۆمێک چووبوونە خوارەوە و سوودیان لە چەقۆ و تەوریش وەرگرتبوو بۆ بارمتەگرتنی پاسەوانەکان.
لە نەوەدەکانی سەتەی رابردووەوە و دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، رووسیا رووبەڕووی چەندین هێرشی گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان بووەتەوە، ئەگەرچی سەردەمی لە دەسەڵاتی پووتیندا ئەو هێرشانە تا رادەیەکی زۆر سنوورداربوون، بەڵام ژمارەیەک هێرشی چەکداری و خۆکوژیش هەبوون.
لە 22ـی ئاداری ئەم ساڵدا چەند چەکدارێک 144 کەسیان لە نزیک شاری مۆسکۆ لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕاندا کوشت و سەتانی دیکەیان بریندار کرد. دواتر داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.