هێزی ئاسمانیی سوێد: فڕۆکەیەکی رووسیا ئاسمانی وڵاتەکەمانی بەزاند

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاسمانیی سوێد دەڵێت، فڕۆکەیەکی رووسیا ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندووە، وەڵامی هۆشدارییەکانی نەداوەتەوە و بەرپەرچ دراوەتەوە. فەرماندەی هێزەکە دەڵێت، "ئەمە بە مانای رێزنەگرتن لە سەروەریی سوێد دێت."
 
رۆژی شەممە 15-06-2024 هێزە چەکدارەکانی سوێد رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسیا هاتووەتە سنووری ئاسمانی سوێد و بەرپەرچی دراوەتەوە.
 
تۆبیاس بیڵستۆرم، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، ئەو بەزاندن و پێشێلکارییە "قبووڵنەکراوە" و بەرپرسانی باڵیۆزخانەی رووسیا لەسەر ئەم رووداوە بانگهێشت دەکرێن.
 
وەزیری دەرەوەی سوێد گوتیشی، "لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانان لە پەیوەندیداین."
 
باڵیۆزخانەی رووسیا لە سوێد تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو رووداوە نەداوە.
 
هێزە چەکدارەکانی سوێد لەبارەی ئەو رووداوەوە دەڵێن، فڕۆکەیەکی جۆری SU-24 هاتووەتە ئاسمانی سوێد و "بە رادیۆ هۆشداریمان پێداوە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە. ئێمەش فڕۆکەی جۆری گریپنمان بۆ بەرپەرچدانەوەی نارد."
 
یۆناس ویکمان، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوێدی رایگەیاند، "ئەم رووداوە بە مانای ئەوە دێت رێز لە سەروەریی سوێد ناگیرێت."
 
دوایین رووداوی هاوشێوە لە ساڵی 2022 بوو کاتێک دوو فڕۆکەی جۆری SUی رووسیا لەنزیک دوورگەی گۆتلاند ئاسمانی سوێدیان بەزاند.