نقوومبوونی کەشتییەکی کۆچبەران بە 700 سەرنشینەوە لە یۆنان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەشتییەی لە یۆنان بە 700 کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوت و دەیان قوربانی و سەتان بێسەروشوێنی لێکەوتەوە، کاردانەوەی ناوەوە و دەرەوەی یۆنانی بەدوادا هاتووە.
 
ڤینسینت کەشێتل، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، "بە تەواوەتی لە وێنەکە دیارە کە بەلەمەکە پڕ لە خەڵک و بێ کەڵک بووە و توانای رۆیشتنی بۆ دوورییەکی زۆری نەبووە، نە دەبووایە پاسەوانانی یۆنان رێگەیان بدایە بەلەمەکە بڕوات". 
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 40 هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە ئیتاڵیا؛ بەڵام هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی هەزار و 300 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست خنکاون.
 
کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران گوتی، "ئەوە شتێكە ئێمە لە چەند مانگی رابردوودا بینیومانە، پاسەوانەکان چاوپۆشی لە بارودۆخی خراپی کەشتی و بەلەمی کۆچبەران دەکەن و هەندێ جار هاوکاریشیان دەکەن تاوەکو لە زۆنی خۆیان دەربازیان بکەن و بکەونە زۆنی ئیتاڵییەکان، ئەمە کارێكی نابەرپرسانەیە".
 
بەشێك لە یۆنانییەکان لە سیاسەتی وڵاتەکەیان لە ئاست کۆچبەران تووڕەن؛ خنکانی ئەو کۆچبەرانە هەزاران دانیشتووی ئەسینای پایتەختی بردە سەر شەقامەکان و هێزی ئەمنی رووبەڕوویان بوونەوە. ئەوان دەسەڵاتی یۆنان و سیاسەتی نوێی تووندی یەکێتیی ئەوروپا بە بەرپرس لە روودانی ئەو کارەساتانە دەزانن. 
 
هێشتا نازانرێت کۆی مردووانی کەشتییەکە چەندە. ئەوەش بەرپرسانی یۆنان و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی هێناوەتە سەر هێڵ و دووریش نییە رێکاری نوێ لە ئاست کۆچبەرانی دەریایی بگیرێنە بەر.