ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا 100 ملیۆنی تێپەڕاند

16-06-2022
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نوێترین ئاماریدا دەڵێت، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا 100 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، زۆرترین ئاوارە و پەنابەریش خەڵکی سووریان، کە لە 2021دا ژمارەیان 6.8 ملیۆن کەس بووە و تورکیاش بە پێشوازیکردن لە 3.8 ملیۆن پەنابەر، زۆرترین پەنابەری لەخۆگرتووە.
 
بەپێی ئامارە نوێیەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2021دا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران کە بەهۆی جەنگەوە لە ماڵەکانیان دەربەدەربوون، 89.3 ملیۆن کەس بوو، کە 8٪ی لە ساڵی پێش خۆی زیاتر و هەروەها دوو هێندەی 10 ساڵی رابردوو بوو، کەچی تاوەکو ئایاری ئەمساڵ ژمارەکە 100 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، شەڕی ئۆکراینا و دەربەدەربوونی خەڵکی ئەمریکای لاتین و ئەفغانستان ژمارەکەیان خێرا زیادکردووە.
 
فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: "زیاتر لە هەر ساڵێک لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیادیکردووە." دەشڵێت: "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبخەنە نێو دەستی یەکدی و بە کردار ئەم تراژیدیایە چارەسەربکەن و چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ جەنگەکان بدۆزنەوە، یان ئەوەتا ئەو ژمارانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبن."
 
ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان بوو، کە 23 وڵاتی جیهانی گرتەوە و کاریگەری لە 850 ملیۆن کەس دروستکرد.
 
هاوکات هەریەک لە قەیرانی خۆراک، هەڵاوسان و قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگییەکانی زیاتر کردووە، کاریگەریی زیاتری بەسەر ئەو هاوکارییە داراییە هەبووە، کە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان کۆدەکرێتەوە.
 
لە 2021دا ژمارەی پەنابەران 27.1 ملیۆن کەس بوو، ژمارەی پەناخوازانیش گەیشتە 4.6 ملیۆن کەس کە بە رێژەی 11٪ زیادی کردووە.
 
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەوە 15 ساڵە لەسەر خەڵک بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوخۆی وڵاتەکانیان، دەربەدەردەبن، ئەو کودەتایەی کە لە میانمار روویدا و ئەو شەڕەی ئەسیوپیای گرتەوە، دوو نموونەی هۆکاری ئاوارەبوونی خەڵکن، شەڕی چەکداریش لە ساحلی ئەفریقا بەتایبەتی لە بورکینیافاسۆ و چاد هۆکارێکی ئاوارەکردنی خەڵکی بوو.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدەدات ژمارەی ئەو خەڵکەی ئاوارە دەبن، هێشتا زیاترە لەو چارەسەرەی بۆ ئاوارە و دەربەدەربووان بەردەستە کە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە نیشتەجێبوونەوە و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەکان دەگرێتەوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران دەڵێت، ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ساڵی 2021دا گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان زیادیکردوە، ئاستەکە گەڕاوەتەوە دۆخی پێش کۆرۆنا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان 71٪ زیادی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە