خواستی پێشخستنی توانا سەربازییەکانی رووسیا پووتین دەگەیێنێتە چین
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری هاوبەشیی ستراتیژیی وڵاتەکەی لەگەڵ چین، گەیشتە پەککین؛ پرسێکی سەرەکیی لەسەر مێزەکە، شەڕی ئۆکراینایە کە چین تێیدا پاڵپشتیی لە رووسیا دەکات. ئەم سەردانەی پووتین، نیگەرانیی بەردەوامی ئەمریکا زیاتر دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایار، ڤلادیمیر، پووتین بە گەشتێکی دوو رۆژە گەیشتە پەکینی پایتەختی چین و بە گەرمی پێشوازیی لێکرا. دواتر لەگەڵ شی جین پینگی هاوتا چینییەکەی کۆبووەوە، پاشان ستایشی رۆڵی چینی کرد لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانی ئۆکراینا.
رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی رووسیا و هاوتا چینییەکەی بۆ 43یەمین جار کۆبوونەوە. ئەوان زیاتر لەهەموو سەرۆک و سەرکردەیەکی دیکە لە جیهاندا دیداریان هەیە. زۆربەی کات کارتی پیرۆزبایی لەدایکبوون بۆ یەکدی دەنێرن. بە 'دۆستی دێرین و ئازیز' ناوی یەکدی دەهێنن.
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین، پووتین رایگەیاند: "وردەکاریی دۆخی ئۆکراینامان باسکرد و سوپاسی دۆستەکانمان لە چین دەکەین بۆ ئەو دەستپێشخەریانەی پێشکێشکیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".
لە بەرامبەردا، شی جین پینگ ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکینی کرد و رایگەیاند ئەو پەیوەندییە "بنیاتنەری ئاشتییە".
سەرۆکی چین گوتیشی: "چین ئامادەیە کار لەگەڵ رووسیا بکات، بۆ راگرتنی دادپەروەری و یەکسانیی جیهان."
پێش سەردانەکەی بۆ چین، سەرۆکی رووسیا سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی کابینە نوێی حکومەتەکەی لە کۆشکی کرێملن کرد. دواتر لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە و رایگەیاند دەیەوێت توانا سەربازییەکانی سوپاکەی پێشبخات.
پووتین دەڵێت: "بێگومان تەکنەلۆژیای سەربازی بەشێوەیەکی خێرا دەگۆڕدرێت و ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتوو بین، دەبێ هەنگاوێک لەپێشەوە بین."
بەگوێرەی سەنتەرەکانی تینک تانکی ئەمریکا، ساڵی رابردوو 89٪ی پێداویستی و کەلوپەلی چەکی رووسی لە چینەوە هاوردە کراوە. چین و رووسیا وەك دوو هاوبەشی ستراتیژی و ئابووری لە ماوەی 10 ساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیان، نزیكەی 116٪ زیادكردووە و لە ساڵی 2023ـدا قەبارەی بازرگانیی نێوانیان گەیشتە 240 ملیار دۆلار. لەماوەی دوو ساڵی جەنگی ئۆکراینا، هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازی چین بۆ رووسیا 60٪ زیادیکردووە.
لەپێش دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا، رووسیا و چین، رێککەوتنێکیان بەناوی "هاوبەشیی بێسنوور" واژۆکرد. بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە لە دوو ساڵی جەنگی ئۆکراینادا، چین هاوکاری رووسیای کردووە تاوەکو رێگە بە رووسییەکان بدەن خۆیان لە نێو ئۆکراینا رێکبخەنەوە، بەتایبەتی لە پیشەسازیی بەرگریدا. بەڵام چین ئەو تۆمەتانەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە.