رووداو دیجیتاڵ
لە فەرەنسا دوای ئەوەی چەند چەکدارێک تەقە لە کاروانێکی پۆلیس دەکەن و یارمەتیی بەندکراوێک دەدەن هەڵبێت، پۆلیسی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکات، ئەو بەندکراوە ناوی محەممەد عەمرایە و ناسراوە بە مێشەکە.
لە رووداوی تەقەکردنەکەدا دوو پۆلیس کوژران، سێ پۆلیس و چەکدارێک بریندار بوون، رۆژی چوارشەممە (15-05-2024) پۆلیسی نێودەوڵەتیی ئینتەرپوول فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد عەمرا دەرکرد.
رووداوەکە رۆژی سێشەممە روویدا، کاتێک کاروانێکی پۆلیس لە هەرێمی نۆرماندی لە باکووری فەرەنسا خەریکی گواستنەوەی "مێشەکە" بوون، چەند چەکدارێک بە ئۆتۆمبێلێک هێرشیانکردە سەر کاروانەکە، دوو پۆلیسیان کوشت و بەندکراوەکەشیان رفاند.
لە رووداوی تەقەکردنەکەدا، سێ پۆلیسی دیکە بە سەختی بریندار بوون.
ئینتەرپوول رایگەیاند "لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، فەرمانێکی دەستگیرکردن (ئاگادارکردنەوەی سوور) بۆ بەندکراوی هەڵاتوو، محەممەد عەمرا دەرکراوە کە بە مێشەکە ناسراوە."
ئاگادارکردنەوەی سووری ئینتەرپوول، بۆ دەستنیشانکردنی شوێن یان دەستگیرکردنی کەسێک دەردەکرێت، کە لەلایەن دادگە یان پۆلیسی وڵاتێکەوە داواکراوە.
لۆرا بێکیو، داواکاری گشتیی پاریس لە راگەیێندراوێکدا گوتی "پۆلیسی ئەو ناوچەیە ویستوویانە زیندانییەکە لە شارۆچکەی رۆوێن بگوازنەوە شارۆچکەی ئێڤروێکس. دوو ئەفسەری پۆلیس لە هێرشەکەدا کوژراون و زیندانییەکەش بە ئۆتۆمبێلی چەکدارەکان هەڵاتووە، هەروەها یەکێک لە چەکدارەکانیش بریندار بووە."
لۆرا بێکو، داواکاری گشتیی پاریس دەڵێت، محەممەد عەمرای تەمەن 30 ساڵ بە تاوانی دزی لە 10ـی ئەم مانگە دەستگیرکرابوو، هەروەها پەیوەندیی بە رفاندن و کوژرانی کەسێکیشەوە هەبووە. ئەو یەکێک نەبووە لە بەندکراوە زۆر ترسناکەکان کە گومانی رفاندنی لێبکرێت. گواستنەوەی ئەو (ئاستی سێ) بووە.
گواستنەوەی ئاستی سێ، بەمانای ئەوە دێت پێنج پۆلیسی بەندیخانە بەندکراوێک لە ناوچەیەک دەگوازنەوە ناوچەیەکی دیکە.
رۆژی 10-05-2024، محەممەد عەمرا بە تاوانی دزیکردن سزای 18 مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
هۆگوێس ڤیگیێر، پارێزەری محەممەد عەمرا دەڵێت "عەمرا لە زیندان هەوڵی راکردنی دابوو و شکستیهێنابوو، بەڵام من بەو رووداوە شۆک بووم. پێش رووداوی رفاندنەکە، یاریدەدەرەکەم محەممەدی بینی و کاژێرێک قسەیان کرد، ئەو گوتی محەممەد زۆر ئاسایی بوو."
پارێزەرەکە دەڵێت، محەممەد عەمرا دەیزانی رۆژی سێشەممە دەگوازرێتەوە، بۆیە لەوانەیە پەیامی بۆ چەند کەسێک ناردبێت.
دایکی محەممەد عەمرا بە رووداوەکە تووشی سەرسوڕمان بووە و دەڵێت "کاتێک گوێم لە هەواڵەکە بوو، گریام. محەممەد کوڕی منە، ئەو لەسەر هیچ شتێک قسەم بۆ ناکات. چەندین جار دەستگیرکرا، چەندین جار سەردانم کرد، بەڵام هەرگیز هیچ شتێکی نەدەدرکاند."
داواکاری گشتیی فەرەنسا دەڵێت، محەممەد پێشتر بە 13 تاوانی جیا دەستگیرکراوە؛ لەوانەش لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەتی شۆفێری، دزیکردن و نەوەستان بۆ پۆلیس. "ئەو بۆ ئێمە زۆر ناسراو بوو."
میدیای فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکەن محەممەد پەیوەندیی بە باندێکی بازرگانیی مادەی هۆشبەرەوە هەبووە؛ بەڵام لۆرا بێکۆ دەڵێت "دۆسیەی عەمرا هیچ تاوانێک یان تۆمەتێکی مادەی هۆشبەری تێدا نییە. یەکەم تاوانی ئەو لەساڵی 2009 تۆمارکرا کاتێک تەمەنی 15 ساڵ بوو."
ئەوە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 1992 ئەفسەرانی بەندینخانە لە فەرەنسا لە ئەرکدا بکوژرێن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەموو ئەوانەی لەپشت رووداوەکەن، دەبێت بەزووترین کات دەستگیر بکرێن.
جێرارد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، تیمێکی گەورەی پۆلیس لە تەواوی فەرەنسا بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکان راسپێردراون، گوتیشی، "هەموو شتێک بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارانە بدۆزینەوە."
محەممەد لەدایکبووی 10-05-1994ـە لە ناوچەی رۆین لە فەرەنسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ