ئەمساڵ 10 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا
رووداو دیجیتاڵ
لەسەرەتای ساڵەوە، نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر بە رێگەی نایاسایی و بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەمەش سەرباری ئەوەی حکومەتی بەریتانیا مانگی رابردوو یاسای دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسند کرد.
بەگوێرەی ئاماری ماڵپەڕی (MigrantWatch) کە چوونی هەموو کۆچبەرێکی نایاسایی بۆ بەریتانیا لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە تۆمار دەکات، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، 9 هەزار و 455 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم چوونەتە بەریتانیا. لە کاتێکدا لەگەڵ هەمان ماوەی پار شەش هەزار و 800 کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردبوو. هەروەها لە ساڵی 2022 کە زۆرترین کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردبوو، لەماوەی ئەو چوار مانگەدا، ژمارەیان تەنیا هەشت هەزار کۆچبەر بوو.
پۆلیسی بەریتانیا لەسەرەتای ئەم هەفتەیە ئامارێکی تایبەتی بە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، 876 کۆچبەر لە رێگەی 17 بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە ساڵی 2015ـەوە، زیاتر لە 550 هەزار کۆچبەر ئەو رێگە مەترسیدارەیان گرتووەتەبەر. زیاتر لە 240 کۆچبەر لەو رێگەیەدا خنکاون.
مانگی رابردوو پەرلەمانی بەریتانیا یاسای رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا پەسند کرد. ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد پلانیان هەیە لەنێوەڕاستی مانگی تەممووزی داهاتوودا یەکەم کاروانی کۆچبەران رەوانەی رواندا دەکەن.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەمساڵ زۆرترین کۆچبەرانی ئەفغانستانی چوونەتە بەریتانیا، کە ژمارەیان 5 هەزار و 727 کۆچبەر بووە. پاشان کۆچبەرانی ئێرانی و هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانن کە ژمارەیان سێ هەزار و 701 کۆچبەرە.
لە پلەی سێ کۆچبەرانی تورکیا و هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان دێن، کە سێ هەزار و 274 کۆچبەرن. لە پلەی چوارەم کۆچبەرانی سووریایی و رۆژئاوای کوردستانن بە دوو هەزار و 641 کۆچبەر. هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق لە پلەی پێنجەم دێن و ئەمساڵ دوو هەزار و 575 کۆچبەریان خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.