وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لەگەڵ عێراق و بەرپرسە کوردەکان لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی چارەسەری درێژخایەن بدۆزنەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "بە شێوەیەکی بەردەوام" لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان "لە پەیوەندیی نزیکدایە" بۆ ئەوەی "چارەسەری درێژخایەن" بۆ کێشەکان بدۆزنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، پرسیاری لە ڤیدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، کە لە پەیوەندییەکانیاندا چۆن هانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەدەن؛ پاتێل لە وەڵامدا گوتی: "ناچمە نێو وردەکاریی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان، بەڵام بەردەوام لە پەیوەندیی نزیکداین لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەرپرسە کوردەکانیش بۆ ئەوەی چارەسەری درێژخایەن بدۆزنەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەمان نییە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە راپۆرتی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیدا کە دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە کریستیان و کوردانی ئێزدی لە شنگال بەهۆی پەکەکە، حەشدی شەعبی و  هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا هەست بە ئارامی ناکەن. 
هەر لەو راپۆرتەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گەڕانەوە بۆ شایەتیی سەرچاوە خۆجێیەکان، باسی لەوە کرد، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق "هەراسانکاریی زارەکی و مامەڵەی خراپی جەستەیی" بەرامبەر بە سوننە، ئێزدی و کرستیانەکان بەکاردێنن. 
 
لەو بارەیەوە، دیار کوردە پرسیاری لە پاتێل کرد کە ئەمریکا چ هەنگاوێک دژی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکەی تۆمەتبار بە پێشێلکاری گرتووەتەبەر، پاتێڵ لە وەڵامدا گوتی، " ئێوە ئێمەتان بینیوە کە بە درێژایی تەمەنی ئەم ئیدارەیە، هەر کاتێک پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کرابێت، چ پەیوەندییان بە ئازادیی ئایینییەوە هەبووبێت یان نا، هەر کاتێک زیان بە مافەکانی مرۆڤ گەیێندرابێت، بینیوتانە ئەم ئیدارەیە هەنگاوی ناوە،" هەروەها سزاکانی سەر ئێرانی بە نموونە هێنانەوە. 
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی دیار کوردە و ڤیدانت پاتێل:

دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن:
"لە بارەی راپۆرتی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی، لە بەشی عێراقدا ئێوە باستان لەوە کردووە کە هێزە ئەمنییە جیاجیاکانی عێراق، لە نێویاندا پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی، هەراسانکاریی زارەکی و مامەڵەی خراپی جەستەیی لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراق وەک ئێزدی و کریستیانەکان بەکاردێنن. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئێوە چ ئامرازێکتان لە بەردەستە بۆ ئەوەی دژی ئەو گرووپ و حکومەتانەی پێشێلکاری دژی پێکهاتەکانی وەک ئێزدی و کریستیانەکان لە ناوچەکانی وەک دەشتی نەینەوا دەکەن، بەکاربێنن؟"
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
"ئێوە ئێمەتان بینیوە کە بە درێژایی تەمەنی ئەم ئیدارەیە، هەر کاتێک پێشێلکاری دژی مافەکانی مرۆڤ کرابێت، چ پەیوەندی بە ئازادیی ئایینییەوە هەبووبێت یان نا، هەر کاتێک زیان بە مافەکانی مرۆڤ گەیێندرابێت، بینیوتانە ئەم ئیدارەیە هەنگاوی ناوە، ئەوە جگە لەو هەنگاوە جیدییانەی کە ئەم ئیدارەیە دژی ئێران لە بەرامبەر سەرکوتکردنی مافەکان لە پاییزی ساڵی رابردوودا گرتوویەتەبەر؛ پێویست ناکات ئاماژە بە شتی زیاتر بکەم. ئێمە دوودڵ نەبووین لە گرتنەبەری رێکاری پێویست. بێگومان من لێرەوە باسیان ناکەم، بەڵام ژمارەیەک ئامرازمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ پێشێلکارەکاندا بکەین."

دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن:
"ئایا ئێوە هیچ هەنگاوێکتان گرتووەتە بەر دژی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکەی کە پێشێلکاری بەرامبەر بە کریستیان و ئێزدییەکانی عێراق دەکەن؟"
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
"پێویست دەکات بەدواداچوون بکەم بۆ ئەوەی بزانم هیچ هەنگاوێک هەیە تا پێتانی رابگەیێنم، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە دوودڵ نەبووین لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست."  

دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن:
"دوایین پرسیار لە بارەی رێککەوتنی شنگال، ماوەی چەندین ساڵە ئەم رێککەوتنە هەیە، بەڵام تەنیا لەسەر کاغەز. ئێوە چ پەیوەندییەکتان هەیە بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە جێبەجێبکرێت؟"
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
"ببوورە، چ رێککەوتنێک؟"

دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن:
"رێککەوتنی شنگال کە تایبەتە بە شنگال، کە شارێکە لە عێراق و پێکهاتەی جیاجیای تێدا دەژین، بەڵام حەشدی شەعبی و گرووپی چەکداری جۆراوجۆریشی تێدایە و بوونەتە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ واری باوباپیرانیان و ماڵ و حاڵیان، چ جۆرە پەیوەندییەکتان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە؟"
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
"دووبارەی دەکەمەوە کە ناچمە نێو وردەکاریی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان، بەڵام وەکو خۆتان دەزانن، ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیی نزیکداین لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەرپرسە کوردەکانیش بۆ ئەوەی چارەسەری درێژخایەن بدۆزنەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەمان نییە."